ئێرانییەکان روویان لە کڕینی زێڕ کردووە

K24 – هەولێر

ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ، لە نوێترین راپۆرتی وەرزانەی خۆیدا ئاشکرایکردووە، کڕینی زێڕ لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە لە نۆ مانگی رابردووی ئەمساڵدا بە بەروارد لەگەڵ ساڵی رابردوو 77٪ زیادیکردووە.

بە پێی ئەو راپۆرتە کە ئەمڕۆ (چوارشەممە 2ـی تشرینی دووەم) لە ماڵپەڕی ئەنجوومەنەکەدا بڵاوبووەتەوە، ئێرانییەکان لە سێ مانگی هاوینی رابردوودا 14 تۆن و 700 کیلۆگرام دراو و قاڵبی زێڕیان کڕیوە.

لە راپۆرتەکەدا هۆکاری زیادبوونی کڕینی دراو و قاڵبی زێڕ لەلایەن ئێرانییەکانەوە بۆ "نەبوونی دەرفەتی وەبەرهێنان بە مەبەستی پاراستی سامان" گەڕێندراوەتەوە.

هاوینی ساڵی رابردوو و هاوکات لەگەڵ زیادبوونی نائومێدی بۆ گەیشتن بە رێککەوتننامەی ناووکی، بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ئیران زۆر بەرزبووەوە و لە هەندێ رۆژدا گەیشتە 33 هەزار تمەن. تێکڕای نرخی دۆلار لە هاوینی ئەمساڵدا لە سەرووی 31 هەزار تمەن بووە. ئەوە لە کەتێکدایە کە لە وەرزی بەهاردا نرخی دۆلار لە خوار 28 هەزار تمەن بوو.

ئەمڕۆ (چوارشەممە 2ـی تشرینی دووەم) نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازادی ئێران 33 هەزار و 950 تمەنە.

ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ هەروەها رایگەیاندووە، ئێرانییەکان لە سێ مانگی هاوینی ئەمساڵدا 7 تۆن و 900 کیلۆگرام زێڕیان کڕیوە و ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ هاوینی ساڵی 2021 نزیکەی 11٪ زیادیکردووە.

بە شێوەیەکی گشتی ئێرانییەکان لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 31 تۆن و 400 کیلۆگرام قاڵب و دراوی زێڕ و 23 تۆن و 400 کیلۆگرام زێڕیان کڕیوە و ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2021 بە تێکڕا بە پێی ریزبەندییەکە 77٪ و 21٪ زیادیکردووە.