نێچیرڤان بارزانی: مامۆستا باكوورى داهێنه‌ر و ناوێكى ديارى جيهانى گۆرانى و مۆسيقاى كوردييه
.jpg)
K24 – هه‌ولێر:
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هونه‌رمه‌ندی ناوداری كورد مامۆستا باكووری له ته‌مه‌نی 94 ساڵیدا كۆچی دواییكرد، به‌م بۆنه‌یه‌وه نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ى خێزان و كه‌سوكار و دۆست و هاوڕێيانى و ته‌واوى هونه‌رمه‌ندان و هونه‌ردۆستانى كوردستان كرد و تێیدا رایگه‌یاند، "مامۆستا باكوورى داهێنه‌ر و ناوێكى ديارى جيهانى گۆرانى و مۆسيقاى كوردييه".
ده‌قی پرسه‌نامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:
به داخه‌وه هه‌واڵى كۆچى دواييى هونه‌رمه‌ندى ديار و ناسراوى كوردستان مامۆستا باكوورى ـ م پێگه‌يشت. پرسه و سه‌ره‌خۆشيى قووڵم ئاراسته‌ى خێزان و كه‌سوكار و دۆست و هاوڕێيانى و ته‌واوى هونه‌رمه‌ندان و هونه‌ردۆستانى كوردستان ده‌كه‌م، هاوسۆز و هاوخه‌ميانم. هيوادارم خواى مه‌زن گيانى به به‌زه‌يى و ميهربانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وايى به هه‌مووان ببه‌خشێت.
مامۆستا باكوورى داهێنه‌ر و ناوێكى ديارى جيهانى گۆرانى و مۆسيقاى كوردييه ساڵانێكى دوور و درێژى ته‌مه‌نى به خزمه‌تى هونه‌رى ڕه‌سه‌نى كوردى به‌سه‌ر برد. ئه‌و له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى تيپى مۆسيقاى باواجيى كۆيه، ڕه‌وتێكى نوێى هونه‌رى هێنايه ئاراوه كه بۆ هه‌ميشه به به‌رهه‌مه به‌پێزه‌كانى له ياوه‌رديى خه‌ڵكى كوردستاندا ده‌مێنێته‌وه.
گيانى شاد و يادى هه‌ميشه به خێر بێت.
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2/11/2022
چه‌ند وێستگه‌یه‌كی ژیانی مامۆستا باكووری
* له (5ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 1928) له قشڵه‌ی كۆیه، له دایك و باوكێكی ئاشووری له‌دایكبووه. دایك و باوكی له گوندی ساتیبه‌گ و خه‌راشكی سه‌ر به شاری وانی باكووری كوردستان له‌دایكبوون و له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا روویان له باشووری كوردستان كردووه و له شاری كۆیه گیرساونه‌ته‌وه.
* باكووری له 1935 چووه‌ته به‌ر خوێندن و له 1946 قۆناغه‌كانی خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له كۆیه ته‌واو كردووه.
* پۆلی چوار و پێنجی ئاماده‌یی به‌شی وێژه‌یی له هه‌ولێر ته‌واوكردووه.
* له 1953 روو له به‌غدا ده‌كات و له كۆلیژی خانه‌ی باڵای مامۆستایان له به‌شی زمانی ئینگلیزی وه‌رده‌گیرێت.
* له به‌هاری 1952 له به‌غدا ده‌چێته ئێزگه‌ی كوردی به‌غدا و له لایه‌ن لیژنه‌ی هونه‌رمه‌ندان عه‌لی مه‌ردان، ره‌فیق چالاك و ئه‌حمه‌د خه‌ڵیل ده‌نگی بۆ گۆرانیگوتن په‌سند ده‌كرێت.
* له هه‌مان ساڵدا (1952) یه‌كه‌م گۆرانی (هەی مەلەنگێنە)ـی لە ئێزگەی كوردی بەغدا تۆمار كردووە.
* له 1957 وه‌ك مامۆستای زمانی ئینگلیزی له ناوه‌ندی كوڕانی كۆیه، كه خۆی پێشتر قوتابی بووه تێیدا داده‌مه‌زرێت.
* دامه‌زرێنه‌ری تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌یه.
* له 1957 له رێی ئاهه‌نگگێڕانه‌وه به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ مامۆستا سێوه‌ی هونه‌رمه‌ند كۆمه‌كی بۆ زیانبه‌ركه‌وتووانی لافاوه‌كه‌ی سلێمانی كۆكردووه‌ته‌وه و له كۆیه و هه‌ولێر ئاهه‌نگیان به‌و هۆیه‌وه گێڕاوه.
* له 1961ه‌وه راژه‌ی مامۆستایه‌تییه‌كه‌ی ده‌گوازرێته‌وه بۆ شاری هه‌ولێر.
* ژماره‌یه‌ك به‌رهه‌می چاپكراوی بڵاوكردووه‌ته‌وه، له‌وانه:
- چۆنێتی گۆرانی گوتن، وه‌رگێڕان له ئینگلیزییه‌وه.
- گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان، 3 به‌رگ و باسكردن له ژیانی 47 هونه‌رمه‌ند له 699 لاپه‌ڕه‌دا.
- چیرۆكی هه‌ندێ گۆرانی كوردیی ره‌سه‌ن.
- ته‌مه‌نێك گۆرانی و ئاواز و مۆسیقا و خۆشخوانی.
- تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه له (1957 تا 2008).
- ئێزگه، مێژووی دامه‌زراندی ئێستگه‌ی رادیۆی به‌غدای عه‌ره‌بی و به‌شی كوردی.
- له 2010 خه‌ڵاتی ماملێ‌ی له لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ری ماملێ پێبه‌خشراوه.
- دامه‌زرێنه‌ری بنكه‌ی مقامه له شاری هه‌ولێر.
- به‌ر له سێ رۆژ له گێڕانی ئاهه‌نگی 95 ساڵه‌ی له‌دایكبوونی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (2ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2022) كۆچی دوایی كرد.
ئاماده‌كردنی: ئ.ر