تەرمی 21 کۆچبەر لەناو ئاوەکانی یۆناندا دۆزرانەوە

ژماره‌یه‌ك په‌نابه‌ر له‌ یۆنان
ژماره‌یه‌ك په‌نابه‌ر له‌ یۆنان

K24 - هەولێر:

بە گوتەی هێزی سنوورپارێزی یۆنان تەرمی 20 کەس لەو کۆچبەرانەی کە بە بەلەم لە سەرەتای ئەم هەفتەیە هەوڵی پەڕینەوەیان لە ئاوی ئیجەدابوو، لە دوورگەی ئێڤیا دۆزراونەوە.

بەپێی راپۆرتەکان، 70 کۆچبەر لەناو ئەو بەلەمەدا بوون کە زۆربەیان بێسەروشوێنن.

تەرمێکی دیکەش لە دوورگەی سامۆس دۆزراوەتەوە، واتە لەو شوێنەی کە پاسەوانانی سنووری یۆنان 12 کۆچبەری نایاساییان لەناو بەلەمێکی دیکەدا لە سەرەتای ئەم هەفتەیە دەستگیرکرد.

وەک کۆچبەران باسیان کردووە، حەوت کەسی دیکەش لەناو ئەم بەلەمدا بوون و چارەنووسیان نادیارە.

ناوەڕاستی مانگی رابردووش لەسەر سنووریی نێوان یۆنان و تورکیا لەنزیك رووباری ئێڤرۆس، 92 کۆچبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یۆنانەوە دۆزرانەوە کە سەرجەمیان پیاو بوون و رووتکرابوونەوە. 

دواتر هەریەك لە یۆنان و تورکیا لەسەر ئەو 92 کۆچبەرە هاتنە دەنگ و یەکدیان تۆمەتبار دەکات بەوەی مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کۆچبەراندا کردووە.