یەکەم کۆنگرەی پارتی بە نهێنی لە بەغدا بەستراوە

70 ئەندام لە کۆنگرەی یەکەمی پارتی بەشداربوون
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم کونگرەی بە نهێنی لە بەغدا بە بەشداری 70 ئەندامی باڵا لە ماڵی سەعید فەهیم لە ناوچەی ئەعزەمیە بەستووە، لە کۆنگرەکەدا پەیڕەوپڕۆگرامی ناوخۆ دارێژراوە و پاشان بە کۆی دەنگ مەلا مستەفای بارزانی بە سکرتێری حزب هەڵبژێردرا.

تیمی کوردستان24 دەچێتە بەردەم ئەو باڵەخانەی کە یەکەم کۆنگرەی پارتی تێدا بەسترا و رۆژنامەنوسێکیش دەڵێت: سوربوونی پارتی لەسەر پرسە نیشتمانییەکان بووەتە هۆی ئەوەی وەک سەری رم تەماشای پارتی بکرێت و هەر بەو هۆیەوەیە زۆر جار لە بەغدا پەلامار دەدرێت و بارەگاکانی دەسوتێندرێت.

لە 16ی ئابی1946 بە بەشداری نزیکەی 70 ئەندام، پارتی بە نهێنی یەکەم کۆنگرەی خۆی لە ماڵی سەعید فەهیم لە ناوچەی ئەعزەمیەی بەغدا بەستووە، کۆمیتەی ناوەندی، پەیڕەو پڕۆگرامی داناوە و بە کۆی دەنگ  مەلا مستەفا بارزانی بە سکرتێری حزبەکە هەڵبژێردراوە، بەرپرسی لقی پێنج دەڵێت: بارزانی نەمر لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستاندا، سەرنجی تەواوی خستووەتە سەر بەغدا.

شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی پێنجی پارتی بە کوردستان24ی گوت: "بەستنی یەکەم کۆنگرەی پارتی لە بەغدا، رەنگە پەیوەست بێت بە سیستەمی حوکمڕانی ئەوکات، کە رووبەڕیکی زیاتر هەبووە بۆ پارتە سیاسییەکانی عێراق کە پارتی پێشەنگی ئەو پارتانە بووە و رۆڵی کاریگەری هەبووە".

پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێستا خاوەنی گەورەترین پێگەی جەماوەری و زۆرترین کوردسی پەرلەمانییە، هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانیش دواجار هاوکێشە سیاسیەکانی عێراق یەکلادەکاتەوە، سەرنووسەری رۆژنامەی تەئاخی ئاماژە بەوە دەکات: سوربوونی پارتی لەسەر پرسە نشتیمانیەکان بووەتە هۆی ئەوەی وەک سەری رم تەماشای پارتی بکرێت.

جەواد مەلیک شا سەرنووسەری رۆژنامەی تەئاخی دەڵێت: "پارتی دیموکراتی کوردستان هێزێکە پابەندە بە بنەما نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، بۆیە بەردەوام هێرشی دەکرێتە سەر و بارەگاکانی دەسووتێندرێن".

پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاکو ئێستا 13 کۆنگرەی بەستووە، سێ کۆنگرەی لە بەغدا بووە، هەر ئەمەش وایکردووە مەلا مستەفا بارزانی لە شەقامی عێراقیدا پێگە و رۆڵی مەزنی هەبێت، لە وڵاتانی عەرەبی و جیهانیشدا بە رابەری کورد و کوردستان بناسرێت.