کۆنگرەی 14ی پارتی دەستیپێکرد

K24 – هەولێر

کەمێک پێش ئێستا بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک دەستیپێکرد.

لە دەستپێکی کۆنگرەی 14ی پارتیدا یادی ئەو سەرکردانە کرایەوە کە شەهیدبوونە یان کۆچی دواییان کردووە لەوانە: عەلی عەبدوڵڵا، د. رۆژ نووری شاوەیس، فەلەکەدین کاکەیی، محەممەد مەلا قادر، نادر هەورامی، فەرەیدون جوانڕۆیی، رەمزی شەعبان، محەممەد هەرکی.

دواتر تابلۆی هونەری پێکەوەژیان لەلایەن ژمارەیەک کچ و کوڕی دهۆک پێشکەشکرا.

لە کۆنگرەی 14ی پارتی نزیکەی هەزار ئەندام کۆنگرە بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەنگ دەدەن، لە %25ی ئەندامانی کۆنگرە ئافرەتن.

پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دوای رێوڕەسمی دەستپێکردنی کۆنگرە سەرۆک مەسعود بارزانی وتارێک پێشکەش دەکات، لە وتارەکەیدا سەرۆک بارزانی باس لە کۆنگرە و رێنماییەکانی دەکات، دواتر دەستەی سەرۆکایەتی کۆنگرە پێکدەهێنرێت و پێشنیاری هەڵبژاردنی سەرۆک دەکە، هەروەها جێگری سەرۆک قسە دەکات.

ئاماژەی بەوەشدا، هەر لە رۆژی یەکەمی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی 14ی پارتی داوا لە ئەندامانی کۆنگرە دەکرێت فۆڕمێک پڕ بکەنەوە، دواتر راپۆرتی سیاسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەخوێندرێتەوە، هەروەها لیژنەکانی پڕۆگرام. پەیڕەوی ناوخۆ، سکاڵا و پێشنیار پێکدەهێنرێن هەر لیژنەیەک لە 10 ئەندامی کۆنگرە پێکدێت، پاشان فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر کۆنگرەکانی پارتی پیشان دەدرێت.