کاندیدانی سەرکردایەتی پارتی فۆڕم پڕدەکەنەوە

لیژنەکانی پرۆگرام، پەیڕەوی ناوخۆ، راپۆرتی سیاسی، سکاڵا و پێشنیار پێکدەهێندرێن

K24 – هەولێر

کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت و لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەکەدا، داوای پڕکردنەوەی فۆڕم لەو ئەندامانە دەکرێت کە دەیانەوێت خۆیان بۆ سەرکردایەتی پارتی کاندیدبکەن.

نزیکەی 1000 ئەندام لەو کۆنگرەیەدا بەشدارن و بەپێی خشتەی کاری رۆژی یەکەمی کۆنگرەکە، سەرۆک بارزانی لەبارەی جێگری سەرۆک قسە دەکات و دواتریش جێگری سەرۆک گوتارێک پێشکەشدەکات.

دواتر داوای پڕکردنەوەی فۆڕم لەو ئەندامانە دەکرێت کە دەیانەوێت خۆیان بۆ سەرکردایەتی پارتی کاندید بکەن و پاشان راپۆرتی سیاسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەخوێندرێتەوە.

کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ، لیژنەکانی پرۆگرام، پەیڕەوی ناوخۆ، راپۆرتی سیاسی، سکاڵا و پێشنیار پێکدێن. هەر کام لەو لیژنانە لە 10 ئەندام پێکدێن.

لە کاتژمێر 10ـی بەیانیی رۆژی دووەمی کۆنگرە (هەینی، چواری تشرینی دووەم) راپۆرتی لیژنەکان دەخوێندرێنەوە.

کاتژمێر دووی هەمان رۆژ، ناوی کاندیدەکان دەخوێنرێنەوە و دواتر پرۆسەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت و لە شەویشدا، دەنگەکان جیا و هەژمار دەکرێن.

.

لە رابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان 13 کۆنگرەی بەستووە و یەکەمجاریشە کۆنگرەی خۆی لە سنووری دهۆک دەبەستێت، ژمارەی ئەندامانی کۆنگرەی پارتی نزیکەی هەزار ئەندامە و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێرن و دەنگیش بە پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەدەن.

لە مانگی ئابی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە لە ئۆرگانەکانی پارتی دەستیپێکرد، زیاتر لە 600 هەزار ئەندام مافی دەنگدانیان هەبوو، کە 800 ئەندام بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی 14ی پارتی هەڵبژێردران، جگە لە ئەندامانی هەڵبژێردراو بەپێی پەیڕەوی کۆنگرە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەبێ دەنگدان دەبنە ئەندامی کۆنگرە، هەروەها لە سەدا 25ی ئەندامانی کۆنگرەش دەبێت ئافرەت بن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، نزیکەی هەزار کەس بەشداری لە کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن.

دوایین کۆنگرەی پارتی کە کۆنگرەی 13 بوو، لە ساڵی 2010 بەسترا، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە، دەبێت هەر چوار ساڵ جارێک کۆنگرە بکرێت، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و پەتای کۆرۆنا کۆنگرەی 14ی پارتی دواکەوت.

پارتی له‌ ساڵی 1946 له‌ ژێر دروشمی "یان كوردستان یان نه‌مان" دامه‌زراوه‌ و ده‌ستی به‌ خه‌بات كردووه‌. به‌درێژایی ته‌مه‌نی زنجیره‌یه‌كی دانه‌بڕاو له‌ سه‌ركه‌وتنی تۆماركردووه‌ و ده‌ستكه‌وتی گەورەی وەکو ‌ شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵانی هەبووە، هەروەها رۆڵێكی سه‌ره‌كی له‌ دامه‌زراندنی به‌ره‌ی كوردستانی و راپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991دا هەبووە.

پارتی یه‌كێك بوو له‌ لایه‌نه‌ هه‌ره‌ سه‌ركییه‌كانی دانانی په‌رله‌مانی كوردستان و كابینه‌ یه‌ك له ‌دوا یه‌كه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هەروەها داکۆکیکاری سه‌ره‌كی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو له‌ ساڵی 2017.

مێژووی كۆنگره‌كانی پێشووتری پارتی دیموكراتی كوردستان:.

‌1. کۆنگرەی یەکەم: ١٦ی ئابی ١٩٤٦، بە نھێنی لە شاری بەغداد، لە ماڵی (سەعید فەھیم) بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیکەی (٧٠) نوێنەر.

2. کۆنگرەی دووەم: لە مانگی ئازاری ساڵی (١٩٥١) لە شاری بەغداد، ماڵی (عەلی حەمدی) بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیکەی (٣٠) نوێنەری لق و ناوچەکانی پارتی.

3.کۆنگرەی سێیەم: ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٥٣، لە شاری کەرکووک، بە ئامادەبوونی نزیکەی (٣٥–٤٠) نوێنەر بەسترا.

4. کۆنگرەی چوارەم: ٤–٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٩، لە شاری بەغداد، ماڵی (کاکە زیاد) بە سەرپەرشتی مەلا مستەفا بارزانی بەسترا.

5. کۆنگرەی پێنجەم: مانگی ئایاری ساڵی (١٩٦٠)، لە بارەگای ئەوکاتی حزب لە شاری بەغداد، بەسترا.

6. کۆنگرەی شەشەم: لە سەرەتای مانگی تەممووزی ساڵی (١٩٦٤) لە شارۆچکەی قەلێدزێ بەسترا.

7. کۆنگرەی حەوتەم: ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٦٦، لە گەڵاڵە بەسترا.

8. کۆنگرەی ھەشتەم: ١ی تەممووزی ١٩٧٠، لە ناوپردان بە ئامادەبونی (٤٨٨) نوێنەر بەسترا.

9. کۆنگرەی نۆیەم: ٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٩، بەسترا و، تێیدا (مه‌سعود بارزانی) بەسەرۆک هه‌ڵبژێردرا

10. کۆنگرەی دەیەم: ٢–١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٩، لە (مەرگەوەڕ) بە بەشداری (٣٣٢) نوێنەر بەسترا.

11. کۆنگرەی یازدەیەم: ١٩٩٣، لە ھەولێری پایتەخت، بە بەشداری (٢١٧٦) نوێنەر بەسترا.

12. کۆنگرەی دووانزەیەم: ٦–١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩، لە ھەولێر، بە بەشداری (١٤٧٣) نوێنەر بەسترا.

13. کۆنگرەی سێزدەیەم: ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠، لە ھەولێر، بە بەشداری زیاتر لە (١٥٠٠) نوێنەر بەسترا.