رێباز حەملان: کۆنگرەی 14 گرەنتی سەرکەوتنی پارتی دەدات بۆ ئێستا و بۆ داهاتووش

K24 - هەولێر:
رێباز حەملان، ئەندامی کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان و یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆنگرەی 14 گرەنتی سەرکەوتنی پارتی دەدات بۆ ئێستا و بۆ داهاتووش.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (3ـی تشرینی دووەمی 2022) بە سەرپەرشتی سەرۆک مەسعود بارزانی، کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک دەستیپێکرد.
سەبارەت بەم پرسە، رێباز حەملان لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 گوتی: لەم کۆنگرەیەدا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێین سەرجەم دامەزراوەکانی پارتی رێکبخەینەوە لە لایەنەکانی دارایی و میدیایی.
ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵی رێکخستنەوەی سیاسەتی پارتی بەرانبەر لایەنەکانی ناوخۆی کوردستان و سیاسەتی پارتی بەرانبەر عێراق و وڵاتانی دراوسێ و دیپلۆماسییەت دەدەن.
رێباز حەملان راشیگەیاند، کۆنگرەی14 کۆنگرەیەکی جیاواز دەبێت، کە گرەنتی سەرکەوتنی پارتی دەدات بۆ ئێستا و بۆ داهاتووش.
ئەو ئەندامەی کۆنگرەی 14ـی پارتی پێیوایە، ئەم کۆنگرەیە دەرگاکردنەوەیەك دەبێت بەڕووی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و پەیامی ئەوەی دەبێت کە پارتی موڵکی هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو ناوچەکانی کوردستانە.