ئافره‌تێكی دووگیان له‌نێو ته‌كسی منداڵی ده‌بێت
K24 - هه‌ولێر:
له به‌ریتانیا ئافره‌تێكی دووگیان دوای پێنج خوله‌ك له سواربوونی ئۆتۆمبێلی ته‌كسی منداڵی ده‌بێت و دواتر به بڕی 103 دۆلار سزاده‌درێت.
رۆژنامه‌ی (سه‌نی) به‌ریتانی بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئافره‌تێكی دووگیانی ته‌مه‌ن 26 ساڵی دانیشتووی ناوچه‌ی باکینگهامشایر کاونتی له به‌ریتانیا دوای ئه‌وه‌ی هه‌ستده‌كات كۆرپه‌كه‌ی نزیكه له‌وه‌ی له‌دایك ببێت، ئۆتۆمبێلێكی ته‌كسی به‌كرێ ده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه بكات و ته‌نها دوای پێنج خوله‌ك له سواربوونی ئۆتۆمبێله‌كه كۆرپه‌كه‌ی له‌دایك ده‌بێت و ناوی ده‌نێت (نا‌یا).
ئه‌وه‌ی زیاتر ئافره‌ته‌كه‌ی تووشی سه‌رسوڕمان كردووه، سزادانیه‌تی له‌لایه‌ن ئه‌و كۆمپانیایه‌ی خاوه‌ندارییه‌تی ته‌كسییه‌كه ده‌كات و ده‌ڵێت، كۆمپانیاكه به‌بڕی 103 دۆلار سزایداوه، به‌شێوه‌یه‌ك 34 دۆلار كرێی ته‌كسیه‌كه‌ی داوه و 69 دۆلاره‌كه‌ی دیكه‌ش بۆ پاككردنه‌وه‌ی ناوه‌وه‌ی ته‌كسییه‌كه‌ی داوه كه به‌هۆی پرۆسه‌ی منداڵبوونه‌وه پیس ببوو.
له‌وباره‌یه‌وه ئافره‌ته 26 ساڵییه‌كه بۆ میدیای به‌ریتانیا قسه‌یكرد و گوتی: كاتێك سواری ته‌كسی بووم، هه‌ستمده‌كرد كۆرپه‌كه‌م نزیكه له‌وه‌ی له‌دایك ببێت، به‌ڵام ده‌مویست بگه‌مه نه‌خۆشخانه و له‌وێ له‌دایك بێت، شۆفێری ته‌كسییه‌كه هه‌ستی به تێكچوونی بارودۆخه‌كه‌م ده‌كرد و پێمی ده‌گوت، "با ئۆتۆمبێله‌كه بوه‌ستێنم، بارودۆخت باش نییه"، منیش پێم گوت، "مه‌وه‌سته، پێویسته بگه‌ینه نه‌خۆشخانه"، به‌ڵام دواتر هه‌ر له‌ناو ته‌كسییه‌كه كۆرپه‌كه‌م له‌دایكبوو.