سەرۆک بارزانی لە کۆنگرە بڕیارێکی نوێ دەدات

"سەرۆک بارزانی بەڵێنی ئەوەیدا هیچ ئەندامێکی پارتەکەی لە هیچ شوێنێك مافی نەخورێت"
سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 - هەولێر:

سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەی 14ـی پارتی بڕیاریدا، کەناڵێکی تایبەت بە گەیاندنی رەخنە و گلەیی دابمەزرێنێت، کە لە رێگەیەوە ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانن گلەیی و گازندەکانیان بە سەرۆک بارزانی بگەیەنن. 

زاگرۆس فەتاح، ئەندامی کۆنگرەی 14ـی پارتی لەو بارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرۆک بارزانی لەو گوتارەدا کە ئەمڕۆ لە کۆنگرەی 14 پێشکەشیکرد، باسی لەوەکرد، لەو کەناڵەدا هەموو ئەندامێکی پارتی دەتوانێت گلەیی و گازندەی خۆی بگەیەنێت.

ئەوەش خرایەڕوو، کە سەرۆک بارزانی خۆی سەرپەرشتی کەناڵەکە دەکات و بەڵێنی ئەوەیداوە هیچ ئەندامێکی پارتەکەی لە هیچ شوێنێك مافی نەخورێت.

ئەو ئەندامەی کۆنگرەی 14ـی پارتی ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا روونکردنەوەیەکی زۆر باشی دا لەسەر دۆخی پارتی و کۆمەڵێك پێشنیازی پێشکەشکرد.

لەبارەی پێشنیازەکانی سەرۆک مەسعود بارزانییەوە، زاگرۆس فەتاح گوتی: "پێشنیازەکان خۆیان لە کۆمەڵێك شت دەبیننەوە، لەوانە بایەخدان بە گەنجان و ئافرەتان، لەهەمانکاتیشدا پێکەوە کارکردنی ئەو نەوەیەی لە رابردوودا خزمەتیان کردووە لەگەڵ نەوەی تازەدا بەمەبەستی بەهێزترکردنی پارتی".

ئەمڕۆ پێنجشەممە (3ـی تشرینی دووەمی 2022) بە سەرپەرشتی سەرۆک مەسعود بارزانی، کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک دەستیپێکرد.

دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، به‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، هه‌ریه‌كه‌ له‌ نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی به‌ جێگرانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردران.

لە مانگی ئابی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە لە ئۆرگانەکانی پارتی دەستیپێکرد، زیاتر لە 600 هەزار ئەندام مافی دەنگدانیان هەبوو، کە 800 ئەندام بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی 14ی پارتی هەڵبژێردران، جگە لە ئەندامانی هەڵبژێردراو بەپێی پەیڕەوی کۆنگرە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەبێ دەنگدان دەبنە ئەندامی کۆنگرە، هەروەها لە سەدا 25ی ئەندامانی کۆنگرەش دەبێت ئافرەت بن.