سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو

گومانلێکراوێك گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش دەستگیرکراوە
عیمران خان
عیمران خان

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ لە میانی گردبوونەوەیەکی سیاسییدا هێرشکرایە سەر عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، پیاوێك بە گومانی بەشداریکردن لە هێرشەکەدا تەقەی لێکراوە و دواتر گیانی لەدەستداوە.

رەئوف حەسەن، یاردەدەری عیمران خان رایگەیاند، عیمران خان لە شاری گرانۆلا لە پاکستان لەناو ئاپۆڕای جەماوەرەوە تەقەی لێکراوە و برینداربووە.

سەبارەت بە دۆخی تەندروستی عیمران خان، یاریدەدەرەکەی باسی لەوەکرد، "دۆخی تەندروستی جێگیرە، ئەمە هەوڵی کوشتن بووە".

ئاماژە بەوەشدرا، جگە لەو گومانلێکراوەی کە بە گوللـە گیانی لەدەستداوە، کەسێکی دیکەش دەستگیرکراوە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت، کێ تەقەی لە گومانلێکراوی یەکەم کردووە.

عیمران خانی، تەمەن 69 ساڵە، لە 2018 بە پشتیوانی سوپای وڵاتەکەی بە سەرۆک وەزیرانی پاکستان دەست نیشانکرا، ئەمساڵیش بە تێکدانی دۆخی ئابووری وڵاتەکەی تۆمەتبارکرا و متمانەی لێ سەندرایەوە.