ئه‌مه‌ریكا پابه‌ندی به‌ رێككه‌وتنی ستراتیژی له‌گه‌ڵ عێراق دووپاتكرده‌وه‌

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراقی ئیتیحادی
محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراقی ئیتیحادی

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌نتۆنی بلینكن، له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراقی ئیتیحادی كرد و دووپاتیكرده‌وه‌، وڵاته‌كه‌ی سووره‌ له‌سه‌ر پشتیوانیكردنی عێراق و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی ستراتیژی نێوانیان.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، محەممەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە،  پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەوەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا ئەنتۆنی بلینکن پێگەیشت کەپیرۆزبایی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد بەبۆنەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دەستبەکاربوونی.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لەم پەیوەندیە تەلەفۆنییەدا جەختیان لەگرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمه‌ریکا و پێشخستنی لەهەموو بوارەکان کرد، هەروەها هەردوولا دووپاتیان لەسەر پێگیربوون بەڕێکەوتنی ستراتیژی لەنێوان هەردوو وڵات و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وسەروەری عێراق.

ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ بلینکن دووپاتیکردووه‌ته‌وه‌، ئەمریکا رژدە بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەت و گەلی عێراق لەبواری زیادکردنی دەرفەتی ئابووری و زیاتر بەهێزکردنی سەربەخۆیی عێراق لەبواری وزە و چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوهەوا، هەروەها دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعشدا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هاوكاریكردنی عێراق.