رێژەی ئافرەتان لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی زیاد دەکرێت

K24 – هەولێر

لە کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێژەی ئافرەتان بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی زیاتر لە %15 دەبێت.

ڤیان سەبری، ئەندامی کۆنگرەی پارتی و کاندید بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە کوردستان24ی راگەیاند، لە کۆنگرەی 14ی پارتی رێژەی ئافرەتان بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە %15 زیاتر دەبێت.

گوتیشی: "ئێمە وەکو ئافرەتان بەردەوام چاومان لە زیاترە، بەڵام بەراورد بە کۆنگرەی 13 ئەم جارە رێژەکە زیاد کراوە و نابێت بەشداری ئافرەتان لە %15 کەمتر بێت، کە ئەوە گۆڕانکارییەکی زۆر باشە".

ڤیان سەبری، دەشڵێت: "بەشداری ئافرەتان لە کۆنگرەی 14ی پارتی %25ـە و رۆڵی ئافرەتان لەناو دامودەزگا حکومیی و حزبییەکان رۆڵێکی کارایە".

هەر لەبارەی رێژەی ئافرەتان لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی، بەندی بەرزە ئەندامی کۆنگرەی پارتی بە کوردستان24ی گوت: "ئەو بڕیارە جێگەی خۆشحاڵییە کە لە کۆنگرەی 14 رێژەی پارتی بۆ %15 زیاد کراوە".

ئەمڕۆ دووەم رۆژی کۆنگرەی پارتی لە دهۆک بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەی بەرنامەی کار ئەمڕۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی هەڵدەبژێردێت.