پارتی ئۆرگانێکی نوێ دروستدەکات

ئەم پێشنیازە لە کۆنگرە پەسندکرا
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 – هەولێر

لە دانیشتنەکانی ئەمڕۆی کۆنگرەی 14ی پارتی، پێشنیازی کردنەوەی ئۆرگانێک بەناوی مەکتەبی تێکۆشەرە دێرینەکان پەسندکرا، ئەو کەسانەی لەو مەکتەبە دەبن بە ئەندام، بەشدار دەبن لە بڕیارەکانی پارتی.

رێباز حەملان، ئەندامی کۆنگرەی پارتی و کاندید بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەو قسە و باسانەی لە سۆشیال میدیا لەسەر پارتی دەکرێت هیچ بنەمایەکی نییە و پارتی لەسەر یەک رێبازە و یەک سەرۆکی هەیە، زۆر بە مەرکەزی ئیدارەیەکی پتەوی دەکرێت، بۆیە تووشی چەندین ململانێی عێراقیی و ناوچەیی بووەتەوە هەر بەهێزی ماوەتەوە.

گوتیشی: "ئەو پەیڕەوەی بۆ ئەم کۆنگرە داڕێژراوەتەوە بۆ ئێستا و داهاتووی پارتی خزمەتی دەنگدەر و جەماوەری پارتی دەکات، لە دانیشتنی ئەمڕۆی کۆنگرە پەیڕەو پەسند کرا".

لە دانیشتنی رۆژی دووەمی کۆنگرەی 14ی پارتی ناوی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە لە شارەکان هەبوو، ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ مەکتەبی رێکخستن، رێباز حەملان دەڵێت: "مەکتەبی دارایی و ئیدارەی پارتی رێکخراوەتەوە دەبێت عەدالەتی تەواو بگەڕێتەوە بۆ ئەو داهاتی پارتی کە چۆن خەرج دەکرێت".

دەشڵێت: "پێداچوونەوەی ورد کراوە، ئەو ئۆرگانانەی کە پێویست نین نەمێنن و ئەوەی کە پێویستیشە بکرێنەوە، بۆ نموونە ئۆرگانێک دروست دەکرێت بەناوی مەکتەبی تێکۆشەرە دێرینەکان، ئەوەش بۆ ئەوەیە هەموو ئەو تێکۆشەرانەی لە رابردوودا لە مەکتەبی سیاسیی و سەرکرایەتی یان لە حکومەت، پەرلەمان و ئەنجومەنی نوێنەران لەوێ کۆدەکرێنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان بە پەراوێزخراو نەزانن، ئەو تێکۆشەرانە ماوەی سێ مانگ جارێک لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبنەوە و سەرنج و تێبینییەکان لەسەر ئەدای کادیران لە حزب و حکومەت و پەرلەمان دەدەنە سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی، ئەوان هەم چاودێر دەبن هەمیش بەشدار دەبن لە بڕەکانی پارتی".

سەبارەت بە ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی رێباز حەملان ئاماژەی بەوەدا، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لەم کۆنگرەیەدا وەکو کۆنگرەی رابردوو دەمێنێتەوە واتا 51 ئەندام و نۆ ئەندامی یەدەگ، گوتیشی: "سەرۆک بارزانی پێی باش بوو لەم قۆناغەدا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی وەکخۆی بمێنێتەوە، ژمارەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیش 15 بۆ 17 ئەندام دەبن، بەڵام ئەمجارە لە مەکتەبی سیاسی ئەندامی یەدەگ دەبن".