سەفین دزەیی: حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە

سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە
سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە

K24 - هەولێر:

سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت تورکیا هەیە.

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە کۆنگرەی 14ـی پارتی لە شاری دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیا هەیە، چونکە بازرگانی و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەم وڵاتەدا تێدەپەڕێت.

سەفین دزەیی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران گوتی: سەرەڕای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران، پەیوەندییەکانیان لەسەر ئاستی دیپلۆماسی بەردەوامە و لە رێگەی دیالۆگەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین.

لە کۆتایی مانگی ئەیلوول و سەرەتای تشرینی یەکەمی 2022، سوپای پاسدارانی ئێران و تورکیا بە بیانووی بوونی هێزی چەکداری ئۆپۆزیسیۆن، چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانیان بۆردوومان کرد.

لە دوایین هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگای چەند حزبیکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، پردێ و سلێمانی، 18 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 50 کەسی دیکە برینداربوون.