عیمران خان: سەرۆکوەزیرانی ئێستای پاکستان بڕیاری کوشتنی منی دابوو

سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان دوێنێ لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو
عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان و وێنەی یەکێك لە تەقەکەرەکان لەکاتی هێرشەکەدا
عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان و وێنەی یەکێك لە تەقەکەرەکان لەکاتی هێرشەکەدا

K24 - هەولێر:

پاش ئەوەی لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو، عیمران خان سەرۆکوەزیرانی ئێستای وڵاتەکەی بەوە تۆمەتبارکرد، لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بڕیاری کوشتنی ئەویان داوە.

عمیران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان لە یەکەم دەرکەوتنیدا پاش رزگاربوونی لە هەوڵێکی تیرۆرکردن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، شەهباز شەریف سەرۆکوەزیرانی ئێستای پاکستان و رانا سنەوڵا، وەزیری ناوخۆ و فەرماندەیەکی سەربازی پلانی تیرۆرکردنی ئەویان داڕشتووە.

سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان ئەو سێ کەسایەتییەی بەوە تۆمەتبارکرد کە هەوڵی تیرۆرکردنی ئەویان داوە و گوتی: ئەو سێ کەسە بڕیاری کوشتنی منیان داوە.

دوێنێ پێنجشەممە (3ـی تشرینی دووەمی 2022)، لە میانی گردبوونەوەیەکی سیاسییدا هێرشکرایە سەر عیمران خان و بە برینداری رزگاری بوو.

عیمران خان لە هێرشەکەدا قاچێکی برینداربوو، رووداوەکەش دەنگدانەوەی ناوخۆیی گەورەی لێکەوتەوە و لە چەندین ناوچەی پاکستان لایەنگرانی عیمران خان رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان دەستپێکرد.