ئەردۆغان: دڵنیایی دەدەین لە گەیشتنی کەشتییەکانی دانەوێڵە

رەجەب تەیب ئەردۆغان
رەجەب تەیب ئەردۆغان

K24 – هەولێر

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی کەشتیییەکانی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بە وڵاتانی هەژار رایگەیاند، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا ئەنجامداوە و دڵنیایی دەدەن لە گەیشتنی کەشتییەکانی دانەوێڵە بە هەموو وڵاتانی هەژار.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەمیانی بەشداریکردنی لە 19مین پێشانگای بازرگانی MÜSİAD EXPO 2022 کە لە ناوەندی کۆنگرە و پێشانگای TÜYAPی ئیستانبوڵ گوتی: "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەمدا لەگەڵ (سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتن) گوتی 'با ئەم دانەوێڵەیە بە خۆڕایی بۆ ئەم وڵاتانە (جیبۆتی، سۆماڵ، سوودان) بنێرین' و هەردوولامان هاوڕابووین لەسەر تاوتوێکردنی ئەم بابەتە لە لووتکەی گرووپی G20، ئێمە دڵنیایی دەدەین لەوەی کەشتییەکانی دانەوێڵە دەگەن بە هەموو وڵاتانی هەژار، بەتایبەتی سۆماڵ، جیبۆتی و سوودان کە لە قەیرانێکی خۆراکی جددیدان و رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە".

دوای ئەوەی رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لەلایەن رووسیا هەڵپەسێردرا، رۆژی 2/11/2022، ئەردۆغان رایگەیاند، هەناردەکردنەوەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی جیهان دەستپێدەکاتەوە.

رووسیا رایگەیاندبوو: "ناتوانین سەلامەتی ئەو کەشتیانەی كه‌ دانەوێڵە لە دەریای رەشەوە دەگوازنەوە، بپارێزین".

ڤلۆدۆیمێر زێلێنسكی سەرۆکی ئوکراینا، رایگەیاندبوو، سەرەڕای هەڵپەساردنی رێککەوتننامەی رێڕەوی رەوانەکردنی دانەوێڵە لەلایەن رووسیاوە، بە پشتیوانی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان ناردنی دانەوێڵە لە ئۆکرایناوە بەردەوامە.

تورکیا بەشێکە لە رێککەوتنەکە و وڵاتێکی چاودێرە دەیەوێت هەناردەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بەگوێرەی رێککەوتنەکە دەستپێبکاتەوە.

بە گوێرەی داتاکانی ئەنجوومەنی دانەوێڵەی نێودەوڵەتی، ئۆکرانیا چوارەم گەورەترین هەناردەکاری گەنمەشامی بووە لە وەرزی 2020 - 2021 و شەشەم گەورەترین هەناردەکاری گەنم بووە لە ساڵی رابردوودا.