وتارخوێنی بەلوچەکانی ئێران: ریفراندۆم بەڕێوەبچێت و ئەنجامەکەش قبووڵبکرێت

مەولەوی عەبدولحەمید
مەولەوی عەبدولحەمید

K24 – هەولێر

مەولەوی عەبدولحەمید ناودارترین مامۆستای ئایینی بەلوچەکانی ئێران، لە وتاری نوێژی هەینیدا، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی "زۆربەی خەڵکی ئێران ناڕازین"، گوتی: ئەگەر پێتانوانییە، بە ئامادەبوونی چاودێری جیهانییەکان ریفراندۆم بەڕێوەببەن و ئەنجاماکەشی هەر چی بێت، قبووڵیبکەن.

مەولەوی عەبدولحەمید  ناودارترین پێشنوێژ و وتارخوێنی نوێژی هەینی لە شاری زاهیدانی ئێران، دەڵی: ناتوانن بە کوشتن و گرتن و لێدان، پاشەکشە بەو خەڵکە بکەن کە زیاتر لە 50 رۆژە خۆپێشاندان دەکەن.

زاهیدان ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلوچستانە و سەرووی 600 هەزار بەلووچ تێیدا دەژین. ئەو پارێزگایە دەکەوێتە باشووری ئێران و لەگەڵ وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان هاوسنوورە.

وتارخوێنی زاهیدان لەگەڵ ئاماژەدان بە "هەینی خوێناوی" ئەو شارە گوتی: تەنیا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بەرادەی هەموو ئێران خەڵکمان لێکوژرا.

نزیکەی مانگێک لەمەوبەر و دوای تەواوبوونی وتاری نوێژی هەینی مەولەوی عەبدولحەمید، خەڵک بۆ سەرکۆنەکردنی "دەستدرێژی سێکسی فرماندەیەکی هێزی ئینتیزامی بۆ سەر کچێکی گەنج" گردبوونەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان تەقەی راستەوخۆیان لێکردن و لەئەنجامدا نزیک بە 100 کەس کوژران و بەدەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

وتارخوێنی زاهیدان لەگەڵ ئاماژەدان بە پێشێلکردنی مافی ژنان گوتی: بۆ ژنەکان لەچکیان دەسووتێنن؟ خۆ لەچک بەشێکە لە فەرهەنگی ئێرانی و ئیسلامی. کێ ئەو ژنانەی توورە کردووە؟ ئەو ژنانە چ زوڵم و زۆرداریان بینیوە کە بەو شێوەیە لەچکەکانیان دەسووتێنن؟ دەتانەوێ بەزۆرەملی خەڵک ببەنە بەهەشت، بەڵام دەبێت ئەوە بزانن نە شیعە و نە سوننە بە زۆرەملی ناچنە بەهەشت. خواستی خەڵک جێبەجێبکەن، ئەمە بنەما و رێگەی سەرەکییە.

مەولەوی عەبدولحەمید لە وتاری نوێژی هەینیدا دەڵێ: سەردەمی کپکردن تەواوبووە، خەڵکی بەلووچ دووپات لە خواستی نەتەوەیی و ئایینی خۆیان و خەڵکی تەواوی ئێران، دەکەنەوە. ئێمە باوەڕمان بە ئازادی بیروڕا و سیاسی هەیە، کێشەکانی ئێران تەنیا ئابووری نین، گرنگتر لەوە ئازادی سیاسی و بیروڕایە.