وەزیری دەرەوەی ئێران: فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان بە رووسیا داوە

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران

K24 – هەولێر

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) بە رووسیا داوە، بەڵام ئەو درۆنانەی "چەندین مانگ پێش لە شەڕی ئۆکرانیا" بە هاوپەیمانەکەی داوە.

بە گوێڕەی ئاژانسی دەنگوباسی (بی بی سی)، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، بە مەبەستی بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکرانیادا، موشەکی بە سوپای رووسیا نەداوە.

تا ئێستا روون نییە کۆماری ئیسلامی ئێران چەند درۆنی بە رووسیا داوە.

لە مانگانی رابردوودا ژمارەیەک وڵاتی رۆژئاوایی دووپاتیانکردبووەوە کە ئێران درۆن و موشەکی بە رووسیا داوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران دوو هەفتە لەمەوبەر رایگەیاندبوو، حکومەتەکەی "هیچ جۆرە چەکێکی" بە مەبەستی بەکارهێنان لە شەڕی ئۆکرانیادا بە رووسیا نەداوە.

ئەو دەڵێ: پێش لە شەڕی ئۆکرانیا، ژمارەیەکی سنووردار درۆنمان بە رووسیا داوە و ئەگەر بۆمان دەربکەوێت لە شەڕەکەدا بەکارهاتوون، بێهەڵوێست نابین.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان دیارینەکرد، ئەگەر ئەو پرسە بۆ حکومەتەکەی بسەلمێندرێت، ئەوان چ کاردانەوەیەکیان دەبێت.

ئەو گوتی: داوامان لە ئۆکرانیا کردووە، بەڵگەی بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی لەلایەن سوپای رووسیا، بە حکومەتی ئێران بدەن.

ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا پێیانوایە سوپای رووسیا درۆنی ئێرانی لە شەڕی ئۆکرانیادا بەکارهێناوە و فرۆشتنی ئەو چەکانە لەلایەن ئێرانەوە بە رووسیا، بە پێشێلکردنی بڕیاری 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایش دەزانن و داوا دەکەن نەتەوەیەکگرتووەکان لەو پرسە بکۆڵێتەوە.