كریستیانۆ: من باشترین یاریزانی یه‌كه‌م، دووه‌م و سێیه‌می جیهانم

كریستیانۆ رۆناڵدۆ كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال
كریستیانۆ رۆناڵدۆ كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال

هاتریکه‌كه‌ی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بەرامبەر ئیسپانیا له‌ مۆندیالی 2018ـی رووسیا له‌ لایه‌ن فیفا له‌ نێو 100 باشترین ساتی مێژووی مۆندیالەکان هه‌ڵبژێردرا.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی له‌ دوو لێدوانی پێشووتری ده‌ڵێت: "پێموایە من شایەنی ئەوەم هەموو ساڵێک خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدەستبهێنم". له‌ شوێنێكی دیكه‌ش گوتویه‌تی: من یەکەم و دووەم و سێیەم باشترین یاریزانی جیهانم".

ئه‌و دوو لێدوانه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆ تا ئێستاش مشتومڕی مێژوویی به‌ دوای خۆیدا هێناوه‌ كه‌ تێیدا كریستیانۆ له‌و سه‌رده‌مه‌ی یاری تێدا ده‌كات هیچ كه‌سێك به‌ هاوتای خۆی نازانێت سه‌ره‌ڕای بوونی ركابه‌رێكی له‌ مێژینه‌ی وه‌كو لیۆنێل مێسی.

مێژووی ئەستێرە پورتوگالییەکە پڕە لە چەندین نازناوی بەکۆمەڵ و تاکەکەسی له‌گه‌ڵ یانه‌كان و هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال. دوایینجار فیفا هاتریكه‌كه‌ی كریستیانۆی له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی مۆندیال به‌رامبه‌ر ئیسپانیا به‌ یه‌كێك له‌ كاریگه‌رترین و باشترین ساته‌كانی مێژووی مۆندیاله‌كان ده‌ستنیشان كردووه‌.

لەو یارییەدا کە لە 15ـی حوزەیرانی 2018 بەڕێوەچوو، "دۆن" دووجار هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی پێشخست، دواجار یارییه‌كه‌ به‌ یه‌كسانبوون به‌ 3 گۆڵ بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات، كریس هه‌ر 3 گۆڵه‌كه‌ی پورتوگالی كرد، له‌ كۆتاییه‌كانی یارییه‌كه‌دا، كریستیانۆ به‌ لێدانێكی راسته‌وخۆ گۆڵی به‌رامبه‌ربوونی له‌ تۆڕی گۆڵی دیڤید دی خیا تۆمار كرد.

دوای یارییه‌كه‌ كریستیانۆ، فێرناندۆ هیێرۆ راهێنه‌ری ئیسپانیای ناچار كرد بڵێت: كاتێك تیپێك یاریزانێكی وه‌كو كریستیانۆ هه‌بێت ئه‌و شتانه‌ رووده‌دات.

یەکەم یاری ڕۆناڵدۆ لەگەڵ پورتوگال

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ یەکەم یاری نێودەوڵەتی خۆی لەگەڵ پورتوگال لە 20ـی ئابی 2003 ئەنجامدا و یارییەکەش یارییەکی دۆستانە بوو، له‌ویارییه‌دا ڕاهێنەری بەڕازیلی لویس سکۆلاری، دەرفەتی بە کریستیانۆی لاو دا كه‌ ئه‌وكات ته‌مه‌نی (18 ساڵ و 6 مانگ و 15 ڕۆژ) بوو، كریس 45 خولەک بەرامبەر کازاخستان یاری كرد، لە یارییەکی دۆستانەدا کە بە بردنەوەی پورتوگال بە گۆڵێکی خاوێن کۆتایی هات.

یەکەم گۆڵی نێودەوڵەتی ڕۆناڵدۆ

یەکەم گۆڵی نێودەوڵەتی کریستیانۆ تا یاری هەشتەم دواکەوت، ئه‌و گۆڵه‌ش بەرامبەر یۆنان بوو لە یاریی کردنەوەی یۆرۆی 2004 بوو كه‌ لە 12ـی حوزه‌یرانی 2004 تۆماری كرد.

کریستیانۆ لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال

پێش دەرکەوتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، پورتوگال 3 جار بەشداری مۆندیالی کرد بوو، لە مۆندیاله‌كانی 1966، 1986 و 2002.

کریستیانۆ لە پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیالی 2006ـی ئەڵمانیا 7 گۆڵی تۆمارکرد و پورتوگالی لە پێشەنگی کۆمەڵەی C جێگیر بوو.

کریستیانۆ لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2014 چوار گۆڵی تۆمارکرد، لەگەڵ ئەوەشدا پورتوگال چووە قۆناغی کۆتاییشەوە، کە تیێدا به‌هره‌ و رۆڵی كریستیانۆ تەقیەوە و چوار گۆڵی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر سوید تۆمارکرد.

کریستیانۆ لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2018 دیسان به‌هێزه‌وه‌ ده‌ركه‌وته‌وه‌ و 15 گۆڵی تۆمارکرد، بەڵام ئەوە بەس نەبوو بۆ ئەوەی ببێتە گۆڵکاری پاڵاوتنه‌كان، چونکە ڕۆبەرت لیڤاندۆڤسکی پۆڵەندی گۆڵی زیاتری كرد بوو، بەڵام گرنگترین شت بۆ پورتوگال بەدەست هات، ئەویش سەرکەوتنە بۆ مۆندیالی ڕوسیا، دوای ئەوەی بە کۆکردنەوەی 27 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەی دووەمی گرت.

کریستیانۆ لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022 لە قەتەر 7 جار سەردانی تیپه‌كانی بەرامبەری کرد، کە گۆڵەکانی بەشی ئەوە نەبوون ڕاستەوخۆ سەرکەون، بۆیه‌ پورتوگال به‌شداریی له‌ پاشكۆ كرد و توانیان له‌ تورکیا و مه‌سه‌دۆنیای باکوور ببه‌نه‌وه‌ و خۆیان بۆ گه‌شتی ده‌وحه‌ ئاماده‌ بكه‌ن.

ریكۆردێكی گه‌وره‌ چاوه‌ڕێی دۆن ده‌كات

كریستیانۆ رۆناڵدۆی كاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال له‌ مۆندیالی 2022 ته‌نیا پێویستی به‌ تۆمار كردنی یه‌ك گۆڵ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ یه‌كه‌مین یاریزان له‌ مێژوودا له‌ پێنج مۆندیالی له‌سه‌ریه‌ك گۆڵ تۆمار بكات.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ مۆندیالی قه‌ته‌ر لانیكه‌م 3 یاریی له‌به‌رده‌مه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی تۆمار كردنی ئه‌و گۆڵه‌ی هه‌بێت، كاتێك له‌ قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی به‌رامبه‌ر غانا، ئۆرۆگوای و کۆریای باشوور یاریی ده‌كات.