نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر کارمەندە دەرکراوەکانی تویتەر هاتە دەنگ

نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مەسک: رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرە

K24 - هەولێر:

نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر کارمەندە دەرکراوەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هاتە دەنگ و داوای لە ئیلۆن مەسک کرد رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت.

ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساری باڵای نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ یەکشەممە (6ـی تشرینی دووەم) داوای لە ئیلۆن مەسک، خاوەنی نوێی تویتەر کرد، رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت، ئەمەش دوای ئەوەی مەسک نیوەی کارمەندانی کۆمپانیاکەی لە کارەکانیان دوورخستەوە.

کۆمیساری باڵای نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکی کراوەدا کە ئاراستەی مەسکی کردبوو، نووسیویەتی: دەرکردنی تەواوی تیمی یاسایی، لە روانگەی منەوە، سەرەتایەکی باش نەبوو.

ڤۆڵکەر تورک نیگەرانی و ترسی نەتەوە یەکگرتووەکانی سەبارەت بە رۆڵی تویتەر لە سەکۆی دیجیتاڵی گشتیدا خستەڕوو، هەروەها هۆشداری دایە مەسک، لەبارەی بڵاوکردنەوەی پەیامی رق و کینە و زانیاری هەڵە و، تیشکی خستەسەر پێویستی پاراستنی نهێنیەکانی بەکارهێنەر.

کۆی گشتی ژمارەی کارمەندانی تویتەر نزیکەی 7500 کارمەندە و رۆژی هەینی (4ـی تشرینی دووەم) ئیلۆن مەسک نیوەی کارمەندەکانی بەجارێک لە کارەکانیان دوورخستەوە.

لەم بارەیەوە، کۆمیساری باڵای نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: تویتەر وەک هەموو کۆمپانیاکانی دیکە پێویستە لە زیانەکانی پەیوەیست بە پلاتفۆرمەکەی تێبگات و بە چەند هەنگاوێک دەستنیشانیان بکات.

ڤۆڵکەر تورک لە نامە کراوەکەیدا کە لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، باسی لەوەکرد، "مافە هاوبەشەکانی مرۆڤ پێویستە بۆ پاراستن و پەرەسەندنی پلاتفۆڕمەکە بەکاربهێندرێت. بە کورتی داواتان لێدەکەم لەژێر سەرکردایەتی تۆدا مافەکانی مرۆڤ لە ناوەندی بەڕێوەبردندا بێت".

پاش ململانێیەکی زۆری یاسایی لەنێوان ئیدارەی تویتەر و ئیلۆن مەسک لەسەر مامەڵەی کڕینی تویتەر، دواجار له‌ 27ـی ئۆكتۆبه‌ری 2022، ئیلۆن مه‌سك، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان ناچاربوو تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە 44 ملیار دۆلار بکڕێتەوە‌، كه‌ مانگانه‌ زیاتر له‌ 450 ملیۆن به‌كارهێنه‌ری چالاكی هه‌یه‌.