بەشە ئاردی چەند مانگێک بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەکرێت

وەزیری بازرگانی کاتی دابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیاران ئاشکرا دەکات
دابەشکردنی ئارد - ئەرشیف
دابەشکردنی ئارد - ئەرشیف

K24 – هەولێر

دابەشکردنی بەشە ئاردی مانگانەی هاووڵاتییان، لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق چەند مانگێک دواکەوتووە، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی رایدەگەیەنێت، لەگەڵ حکومەتی عێراق گفتوگۆیان کردووە و ئەو بڕە ئاردەی دابەشنەکراوە، دابەشی دەکەن.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە هەڵەبجە رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانی عێراق باسیان لە دواکەوتنی بەشە ئاردی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کردووە، کێشەکە چارەسەر دەکرێت و ئەو بڕەی کە دابەش نەکراوە لە ئایندەدا دابەش دەکرێت.

سەبارەت بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵەکانی 2014 و 2015 و 2016، گوتی: "دوای هەوڵێکی زۆر توانرا ئەو بڕە پارەیە بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بگەڕێندرێتەوە، گرفتی زۆر لە دابەشکردنی هەبوو، چونکە پارەکە بە چەندین قۆناغ هاتووە، ئێستا ئامادەکاری تەواومان کردووە بۆ دابەشکردنی پارەکە، ئەمڕۆ لە دهۆک و سبەش لە هەولێر دابەش دەکرێت، گرفتێک لە بڕی پارەکەی جووتیارانی سلێمانی هەبوو ئەو بڕەی هاتبوو کەمتر بوو، بەڵام کێشەکە چارەسەرکراوە و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت".