12 پەرلەمانتاری دیکە لە پەرلەمانی کوردستان کشانەوە

K24 – هەولێر

حەوت ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، چوار پەرلەمانتاری گۆڕان و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ بڕیاری کشانەوەیان لە پەرلەمانی کوردستان دا.

ئەمڕۆ (یەکشەممە 6ـی تشرینی دووەم) عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: وەک 12 پەرلەمانتاری کوردستان بڕیارماندا بە بایکۆتکردن و کشانەوە لە پەرلەمانی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد: پێشتر دژی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان بووین و ئێستاش نامانەوێت ببینە بەشێک لەو نایاساییەی کە کراوە.

عەبدولستار مەجید گوتیشی: بەیەکەوە بەردەوام دەبین لە دژایەتیکردنی نادادپەروەری و گەندەڵی و فشارکردن بۆ ئەوەی بە زووترین کات هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.

پێشتریش فراکسیۆنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ کشانەوەی خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاندبوو.

دەبوایە ئەمڕۆ (6-11-2022) خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی پێبێت کە لە 6ی تشرینی دووەمی 2018 دەستپێکردووە، بەڵام رۆژی 9ـی تشرینی یەکەم، پەرلەمانی کوردستان پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی خستە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بۆ ماوەی ساڵێک تەمەنی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمان درێژکرایەوە.