وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كان له‌باره‌ی چاره‌نووسی 175 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هاته‌ده‌نگ

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌
وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی سامانه ‌سرووشتییه‌كان روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی دیارنه‌مانی 175 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایگه‌یاند، کۆمپانیای نێودەوڵەتی (دیلۆیت) چاودێری و وردبینی لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەکات.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

زیاد جەبار ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکی باس لە دیارنەمانی رۆژانە 175 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم دەکات.

ئەم پەرلەمانتارە بۆ خۆشی دەزانێت کە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی (دیلۆیت) وەک لایەنی سێیەم و چاودێر، وردبینی لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەکات و راپۆرتی مانگانەی خۆیشی بڵاودەکاتەوە.

هەرێمی کوردستان  رۆژانە بە تێکڕایی لە نێوان  425 - 435 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.

بۆ نموونە لە مانگی یەکی ئەمساڵ رۆژانە 435.911 بەرمیلی نەوتی بەرهەمهێناوە، لە مانگی پێنج 434.469 بەرمیل و لە مانگی 10 بۆ 426.075 بەرمیل بەرهەمهێنراوە.

کۆمپانیای دیلۆیت ئەم ژمارانەی سەرەوە لە راپۆرتەکانی خۆیدا پشتڕاست کردووەتەوە.

پرسیار ئەوەیە ئەم بەڕێزە لەسەر چ بنەما و  بۆ چ مەبەستێک  ئەم  ژمارانەی ئاماژە پێ دەکات کە  هیچ ئەسڵ و راستی تێدا نییە.