تویتەر گۆڕانکارییەکانی بۆ ئەم وادەیە دوادەخات

کەی تویتەر هەشت دۆلارەکە لە بەکارهێنەرانی وەردەگرێت؟

K24 - هەولێر:

دوای ئەوەی ئیلۆن مەسک تویتەری بە 44 ملیار دۆلار کڕی، رایگەیاند، چەند گۆڕانکارییەک لەنێو پلاتفۆڕمەکەدا دەکات، کە گرنگترینیان سەپاندنی وەرگرتنی باجە لەو بەکارهێنەرانەی هەژمارەکەیان هێما شینەکە (ڤێریفای)ـی هەیە.

بە گوێرەی هەواڵێکی نیویۆرک تایمز، تویتەر لە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی ئەمەریکا کە سبەینێ (8ـی تشرینی دووەم) بەڕێوەدەچێت، دەستدەکات بە وەرگرتنی باج لەو بەکارهێنەرانی هەژمارەکەیان هێما شینەکەی (ڤێریفای) وەرگرتووە.

وەرگرتنی باج لە بەکارهێنەرانی تویتەر، لەلایەن خاوەنی نوێی کۆمپانیاکەوە بڕیاری لەسەر دراوە، ئەویش بەجۆرێک دەبێت، هەر هەژمارێك کە هێما شینەکەی هەیە، ئەگەر مانگانە هەشت دۆلار نەداتە تویتەر، ئەوا هێما شینەکەی لێوەردەگیرێتەوە.

لە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولدا، زۆرینەی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکاندا دیاری دەکرێت.

پاش ململانێیەکی یاسایی لەنێوان ئیدارەی تویتەر و ئیلۆن مەسک لەسەر مامەڵەی کڕینی تویتەر، دواجار له‌ 27ـی ئۆكتۆبه‌ری 2022، ئیلۆن مه‌سك، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان ناچاربوو تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە 44 ملیار دۆلار بکڕێتەوە‌، كه‌ مانگانه‌ زیاتر له‌ 450 ملیۆن به‌كارهێنه‌ری چالاكی هه‌یه‌.

دوای تەواوبوونی ئەم مامەڵەیە، ئیلۆن مەسک نزیکەی 3500 کارمەندی لە کارەکانیانیان دوورخستەوە، زۆرینەی ئەوانەشی لە کارەکانیان دوورخرابوونەوە لە تیمەکانی (سیاسەتی گشتی، متمانە، سەلامەتی، پەیوەندییەکان، ئەندازیاری، بازاڕکردن، و سەرچاوە مرۆییەکان) بوون.