ئۆکرانیا: هێزەکانی رووسیا بزوێنەر و کەلوپەلی ناو کەشتییە مەدەنییەکان دەدزن

K24 - هەولێر:

سوپای ئۆکرانیا، رووسیای بە تێکشکاندنی کەشتییە مەدەنییەکان لە ناوچەی خێرسۆن باشووری ئۆکرانیا کە لەئێستادا لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە و کیێڤ هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی دەدات، تۆمەتبار کرد.

دەستەی گشتیی ئەرکانی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، رووسیا بەشێوەیەکی بەرفراوان ئەو کەشتییە مەدەنییانەی کە لە لێواری رووباری دنیپرۆ لە ناوچەی خێرسۆن لەنگەریان گرتووە، تێکشکاندووە.

بەیاننامەکەی دەستەی گشتیی ئەرکانی ئۆکرانیا روونیشی کردووەتەوە، سووتەمەنی کەشتییە تێکشكێنراوەکان دزەی کردووەتە ناو ئاوی دەلتای رووبارەکە و هێزەکانی رووسیای بە دزینی بزوێنەر و کەلوپەلی دیکەی کەشتییەکان تۆمەتبار کرد.

ماوەیەکە سوپای ئۆکرانیا فشاری خستووەتە سەر هێزەکانی رووسیا لە لێواری رۆژئاوای رووباری دنیپرۆ کە ئۆکرانیای کردووە بە دوو بەشەوە و باس لەوە دەکرێت کە رووسیا بیر لە پاشەکشەکردن دەکات بۆ لێواری رۆژهەڵاتی رووبارەکە.

دەستەی گشتیی ئەرکانی ئۆکرانیا لە بەیاننامەکەیدا باسی لەو هۆکارانە نەکردووە کە پاڵی بە رووسیاوە ناوە بۆ تێکشکاندنی کەشتییە مەدەنییەکان، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە لەوانەیە، ئەوە هەنگاوێک بێت بۆ رێگەگرتن لە سوپای ئۆکرانیا لە بەکارهێنانی کەشتییەکان کاتێک رووسیا بڕیاری دا پاشەکشە بکات بۆ لێواری رۆژهەڵاتی رووبارەکە.

 

تا ئێستا وەزارەتی بەرگریی رووسیا هیچ راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەم بانگەشانەی ئۆکرانیا بڵاونەکردووەتەوە.