سەرۆکی فەرەنسا: وڵاتە دەوڵەمەندە نائەوروپییەکان دەبێت باجی گۆڕانی کەشوهەوا بدەن

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و هاوسەرەکەی، بریجیت ماکرۆن
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و هاوسەرەکەی، بریجیت ماکرۆن

K24 - هەولێر:

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەیەوێت بە فشار وڵاتە دەوڵەمەندە نائەوروپییەکان ناچار بکات لە رووبەڕووبوونەوەی کەشوهەوادا یارمەتی وڵاتانی هەژار بدەن.

ماکرۆن لە شاری شەرم ئەلشێخ لە میسر رایگەیاند، دەیەوێت "فشار بخاتە سەر "وڵاتانی دەوڵەمەندی نائەوروپی"، بەتایبەتی ئەمەریکا، بۆ ئەوەی "پشکی" خۆیان بدەن لە یارمەتیدانی وڵاتانی هەژار بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.

ماکرۆن لە میانی دیدارێکی لەگەڵ گەنجانی ئەفریقا و فەرەنسا لە پەراوێزی کۆنفرانسی کەشوهەوای COP27 لە میسر گوتی: "دەبێت ئەمەریکا و چین هانبدەین" تا بەشداری بکەن لە بواری کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان و هاودەنگی دارایی.

ئاماژەی بەوەشدا، فەرەنسا و ئەوروپا لەسەر رێگەیەکی راستن بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان، بەڵام وڵاتە زلهێزەکانی دیکەش دەبێت بەزوویی "دەستهەڵگرن لەبەکارهێنانی خەڵووز".

ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لەبارەی گۆڕانی کەشوهەواوە دەڵێت، ئەگەر پلەی گەرما بەمشێوەیە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بێت، تا کۆتایی ئەم سەدەیە، بەستەڵەکی باکوور بەتەواوی لەناودەچێت.

بەگوێرەی دوایین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نیو سەدەی رابردوودا، زەوی 35%ـی کۆی رووبەری بەستەڵەکەکانی باکوور، لەدەستداوە.

لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کە بریترین لە (گەرمبوونی گۆی زەوی، وشکبوونی سەرچاوە ئاوییەکان، توانەوەی بەستەڵەکەکان، ئاگری ناوچە سروشتییەکان و تەقینەوەی گڕکانەکان) تەنیا مرۆڤ لێی زەرەرمەند نییە، بەڵکو تەواوی بوونەرەوەکانی گۆی زەوی بەدەستییەوە دەناڵێنن.

ئاگری دارستانەکانی فەرەنسا - وێنە: AFP
ئاگری دارستانەکانی فەرەنسا - وێنە: AFP