بەهای دۆلار سەری لە بازرگانانی ئێرانی شێواندووە

بەهای دۆلارێکی ئەمەریکی بۆ سەرووی 36 هەزار تمەنی ئێرانی بەرزبووەوە
بەهای دۆلارێکی ئەمەریکی بۆ سەرووی 36 هەزار تمەنی ئێرانی بەرزبووەوە

K24 – هەولێر

لیژنەی ئابووریی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی ئێران، لە بەرزبوونەوەی به‌های دۆلار لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتەدا دەکۆڵێتەوە. ئەندامێکی لیژنەی نوێنەرانی ژووری بازرگانی تاران دەڵێ، "بەرزی و نزمی بەهای دۆلار، سەری لە بازرگانانی ئێرانی شێواندووە".

محەمەدرەزا پوورئیبراهیمی، سەرۆکی لیژنەی ئابووریی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی ئێران بە ئاژانسی دەنگوباسی (ئیسنا)ـی راگەیاندووە، لیژنەکە رۆژی چوارشەممە (9ـی تشرینی دووەم) لەگەڵ وەزیری ئابووری و سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران کۆدەبێتەوە و دۆخی بازاڕ هەڵدەسەنگێندرێت.

هەر لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان و هاوکات وەستانی گفتوکۆکان لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ئەم وڵاتەدا بەرزبووەوە و ئەمڕۆ (7ـی تشرینی دووەم) بەهای دۆلارێک بەرامبەر بە 36 هەزار و 600 تمەنە.

مێهرداد عەباد، ئەندامی لیژنەی نوێنەرانی ژووری بازرگانی تاران لەگەڵ ئاماژەدان بە دۆخی ئێستای بازاڕەکانی ئێران رایگەیاندووە، "تا ئەو کاتەی نرخی دۆلار جێگیر نەبێت، بازرگانان ناتوانن بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن و تەنانەت ناتوانن بۆ رۆژێکیش بڕیار بدەن".

ئەو، بە ئاژانسی دەنگوباسی (ئیسنا) دەڵێ: ئەگەر بازرگانان سەرەکیترین پێشنیار و داوای خۆیان بخەنەڕوو، ئەوە بێگومان جێگیربوونە. تا ئەو کاتەی دۆخەکە جێگیر نەبێت و نەتواندرێ شیکردنەوە و پێشبینی بۆ داهاتوو بکرێت، ناتوانین قسە لەبارەی چالاکی ئابووری و جووڵەی بازرگانی بکەین.

مێهرداد عەباد، پێیوایە گەمارۆکانی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ سەر ئێران کاریگەریان هەبووە و هەر بۆیە ناتوانن لێکدانەوە بۆ دۆخەکە بکەن. ئەو دەڵێ: جیا لەوە هەندێ بڕیاری کاربەدەستانی ئێران، لەبری باشترکردنی دۆخەکە، کاری بازرگانانیان ئەستەمترکردووە.

ئەو لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار رایگەیاندووە، "ئەوە نیشانەیەکی باش بۆ داهاتووی بازرگانی ئێمە نییە".