لە رووداوێکی هاتووچۆدا دوو پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و سێی دیکە بریندارن

"رووداوەکە لە ناحیەی قادرکەرەم و لە نزیکەی پاڵاوگەی کۆرمۆر بووە"

K24 - سلێمانی:

تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند، لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ناحیەی قادرکەرەم و لە نزیک پاڵاوگەی کۆرمۆر، دوو پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە و سێی دیکە برینداربوون.

ئەمڕۆ دووشەممە (7ی تشرینی دووەمی 2022) بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند "بەهۆی ڕوداوێکی هاتووچۆوە لەناحیەی قادرکەرەم نزیک پاڵاوگەی کۆرمۆر دوو پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و سێ پێشمەرگەی تری تەمەن(30 و32 و 35) ساڵ برینداربوون".

ئاماژە بەوەشدراوەکە، کە دوای رووداوەکە تیمی فریاکەوتنی خێرای 122ی مەڵبەندی تەندروستی شەهید عەسکەری قادرکەرەم و شەهید وریای تەکیەی جەباری، کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵن چوونەتە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ.

ناحیەی قادرکەرەم، سەر بە قەزای چەمچەماڵە و چەند کێڵگەیەکی بەرهەمهێنای غازی سرووشتی تێدایە، کە غاز بۆ هاووڵاتیان و وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.