حکومەتی ئێران باڵیۆزی نەرویجی لە تاران بانگهێشتکرد

"ئەو قسانە هەرگیز قبووڵکراو نین و بە واتای پشتگیری لە گێرەشێوێنییەکانی دەزانین"

K24 – هەولێر

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، باڵیۆزی وڵاتی نەرویجی لە تاران بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە قسەکانی سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، بانگهێشتکرد.

لە بەیاننامەکەی رۆژی 7ـی تشرینی دووەمی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژە بە دیمانەی سەرۆکی پەرلەمانی نەرویج لەگەڵ کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی کراوە و وەک "دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئێران" باس لە قسەکانی کراوە.

لەو چەند رۆژەی دواییدا مەسعود قەرەخانی، سەرۆکی پەرلەمانی نەرویج لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (ئیران ئینتەرناشناڵ) لەبارەی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لە ئێران قسەی کرد و روو لە عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران گوتی، "رێبەر نابێ خەڵکی خۆی سەرکوت بکات و بکوژێت، 44 ساڵ دەسەڵاتتان بەدەستەوە بووە و ئیتر بەسە".

وەزارەتی دەرەوە ئێران دووپاتیکردووەتەوە، ئەو قسانە "هەرگیز قبووڵکراو نین" و بە واتای "پشتگیری لە گێرەشێوێنییەکانی" دەزانین.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستەواژەی "گێرەشێوێنییەکان" بۆ خۆپێشاندانەکانی 52 رۆژی رابردوو لەو وڵاتەدا بەکاردێنن.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە، "باڵیۆزی نەرویج ئەو پرسە لە ئۆسلۆ دەگەیەنێت".