پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ خوێندنەوەی پڕۆژەیاسای خزمەتی سەربازی زۆرەملێ

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - بەغدا

پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژەیاسای خزمەتی سەربازی زۆرەملێ، گەرچی ئەو پڕۆژە یاسایە کاردانەوەی لە ناو گەنجان دروستکردووە، بەشێک لە گەنجان بەهۆی مووچەکەیەوە پابەندی دەبن، بەڵام لەلایەکی دیکەوە هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن، بەشێکی زۆریش لە پەرلەمانتاران گەڕانەوەی خزمەتی سەربازی بە گرنگ دەزانن، پەرلەمانتارێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریش دەڵێت: خزمەتی سەربازی گەنجانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

لە پڕۆژەیاسایەکەدا هاتووە "هەموو تاکێکی عێراقی لە رەگەزی نێر لە تەمەنی 23 بۆ 35 ساڵ، دەبێت بە مووچەی 600 تا 700 هەزار دینار خزمەتی سەربازی بکەن، لە بەرامبەر پابەند نەبوونیش، بە زیندانی کردن یان پێبژاردن سزادەدرێن.

لەوبارەوە مەلا کەریم حەسەن، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "پێموایە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، چونکە لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، لیژنەی ناونووسکردنی سەربازی لە هەرێم و پارێزگاکانی دروستدەکرێت، هەروەها لە بەشێکی دیکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هەموو عێراقییەکان دەگرێتەوە".

هەموو ئەوانە کە نەخراونەتەبەر خوێندن و تەمەنیان لە سەروی 23 ساڵه، دەبێت ماوەی 18 مانگ خزمەت بکەن، هەروەها دەرچووی ئامادەیی یەک ساڵ و بڕوانامەی پەیمانگا و زانکۆ نۆ مانگ، ئەوانەی ماجستێریان هەیە شەش مانگ، هەڵگری بڕوانامەی دکتۆراش سێ مانگ.

ئەحمەد عەلی پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "ئەم یاسایە ئە‌حکامەکانی سیستمی وەزیفی لە عێراقدا رێکدەخاتەوە، کۆمەڵێک یاسا و کۆمەڵێک لە بڕیارەکانی قیادەی سەورەی هەڵوەشاوە لەخۆیدا کورتدەکاتەوە، هەروەها یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەتیش، دەکاتە بەشێک لە یاسای فیدراڵی خزمەتی مەدەنی، بە ریزبەندی مووچەشدا دەچێتەوە، کە لەلایەن ئەنجومەنی راژەوە ئامادە دەکرێت".

پاش خوێندەوەی یەکەم پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم و هەمواری پڕۆژەیاسایی خزمەتی سەربازی دەکات، دواتر ئەگەر پەسەندیان کرد، حکومەتی عێراق دەبێت پابەند بێت و لە ماوەی دوو ساڵ خزمەتی سەربازی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەربازگە لە هەموو شارەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بکاتەوە.