جۆو بایدن: سەرکەوتنی کۆمارییەکان دیموکراسی ئەمەریکا دەخاتە مەترسییەوە

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی نیوەی ماوەی سەرۆکایەتی بۆ هەریەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا بەڕێوەدەچیت
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لەنێو لایەنگرانیدا
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لەنێو لایەنگرانیدا

K24 - هەولێر:

بە بڕوای سەرۆکی ئەمەریکا، ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران، پارتی کۆمارییەکان دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنن، دیموکراسی ئەمەریکا دەکەوێتە مەترسییەوە.  

قسەکانی بایدن لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە (8ـی تشرینی دووەمی 2022) هەڵبژاردنی نیوەی ماوەی سەرۆکایەتی بۆ هەریەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا ئەنجامدەدرێت و لەئەگەری بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانی ئەو دوو ئەنجوومەنە لەلایەن کۆمارییەکانەوە، دوو ساڵی قورس چاوەڕێی بایدن دەکات وەک سەرۆکی ئەمەریکا.

لە گوتارێکیدا لەبەردەم لایەنگرانی پارتی دیموکراتەکان لە واشنتن، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: کۆمارییەکان دەیانەوێت ئەمەریکا رووبەڕووی دابەشکاری ناوخۆیی ببێتەوە و بەشێکیان لەڕێگەی بانگەشەکانیانەوە هەوڵ بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی سیاسی دەدەن، کە ئەوە ئەمەریکا دەخاتە بەردەم مەترسییەوەکی گەورەوە.

ئەمەریکا وەک یەکێک لە زلهێزترین وڵاتەکان و هێمای دیموکراسی لە جیهاندا، دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردن لەناوخۆدا بەجۆرێک دابەشبووە، کە هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری بەردەوام چاودێرن بەسەر یەکدییەوە و رێگری لە هەر جۆرە تاکڕەوییەک دەکەن.

باوکانی دامەزرێنەر یاخود ئەو کەسانەی دەستووری ئەمەریکایان نوسیوەتەوە، دەسەڵاتەکانیان دابەشکردووە بۆ سێ بەش، یەکەم: دەسەڵاتی یاسادانان یاخود ئەوەی پێی دەگوترێت کۆنگرێس، بە گرنگترین دەسەڵاتی ئەمەریکا دادەنرێت کە پێکهاتوون لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران و لە دەستووردا مادەی یەکەمی بۆ تەرخانکراوە، دەسەڵاتەکانیشی بریتین لە: تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی، رەزامەندیدان لەسەر ئەو بەپرسانەی لەلایەن سەرۆکەوە دیاریدەکرێن، ڕەزامەندیدان لەسەر ئەندامانی هەمیشەی دادگای باڵا کە لەلایەن سەرۆکەوە دەستنیشاندەکرێن، دەسەڵاتەکانی کۆنگرێس بە جۆرێکە دەتوانن بەدەنگی دوو لەسەر سێی سەرۆک لە کارەکەی دووربخنەوە ئەگەر لە تاوانێکی ئابڕوو بەرانە تێوەگلابێت.

دواتر دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەیە، کە بریتین لە سەرۆک و جێگرەکەی، دەسەڵاتەکانی سەرۆک و جێگرەکەی لە ئەمەریکا بەم شێوەیەن، سەرۆک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە، دادوەرانی هەمیشەی داداگای باڵا دەستنیشاندەکات، تەنها کەسە کۆدی چەکە ئەتۆمییەکانی لەلایە، دەسەڵاتی راگەیاندنی جەنگی هەیە، توانای خەرجکردنی 50 ملیار دۆلاری هەیە لە چوارچێوەی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ وڵاتانی جیهان، سەرۆک کۆمەڵێک راوێژکاری هەیە لە بوارە جیاوازەکاندا کە بە سکرتێر ناسراون لەوانە بەرگری و خەزێنە.

دەسەڵاتی سێیەمیش کە دەسەڵاتی داداوەرییە، لە مادەی سێی دەستووری ئەمەریکا ئاماژەی پێکراوە، لە نۆ دادوەر پێکهاتوون و مانەوەشیان لە پۆستەکانیان هەمیەشییە مەگەر خۆیان دەستلەکاربکێشنەوە، دەسەڵاتەکانیشیان بریتین لە یەکلایکردنەوەی کێشەی نێوان ویلایەتەکان و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی دەستوور، جگە لەمانە دەسەڵاتی دادوەری سەرجەم دادگاکان دەگرێتەوە هەر لە دادگا ناوچەییەکانەوە تاوەکی دادگای باڵا.