محەممەد باقری: ئێران ئامادەیە ئەزموونی چەکداری خۆی بۆ عێراق بگوازێتەوە

محەمەد باقری و سابت محەمەد سەعید
محەمەد باقری و سابت محەمەد سەعید

K24 – هەولێر
سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێ، وڵاتەکەی ئامادەیە لە بوارەکانی بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر و پیشەسازیی بەرگری، ئەزموونەکانی خۆی بۆ هێزە چەکدارەکانی عێراق بگوازێتەوە.
محەممەد باقری سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سابت محەمەد سەعید وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاند، "هێزە چەکدارەکانی ئێران ئەزموونێکی باشیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و پیشەسازیی بەرگری هەیە و دەتوانن ئەم ئەزموونە بخەنە بەر دەستی هێزە چەکدارەکانی عیراق و لەم رێگایەوە ببنە هۆی خێراتربوونی رەوتی دابینکردنی ئاسایشی لە عێراقدا".
بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسی دەنگوباسی فارس، محەممەد باقری بە ئاماژەکردن بەوەی فەرماندە باڵاکانی دوو وڵات دەبێ بەردەوام کۆبوونەوە و ڕاوێژیان هەبێ، وەزیری دەرەوەی عێراقیی بۆ سەردانی تاران بانگهێشت کرد.
هەر لەو گفتوگۆ تەلەفۆنییەدا، سابت محەمەد سەعید وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاندووە: هێزە چەکدارەکانی کۆماری عێراق ئامادەی هەر جۆرە هاوکارییەکی سەربازییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران".