بڕیار لەسەر پاڵپشتى دارایی خوێندکاران دەدرێت

K24 - هه‌ولێر:

بڕیار لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی کێشەکانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و پاڵپشتى دارایی خوێندکاران ده‌درێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 8ـی تشرینی دووه‌می 2022، ئاوات جه‌ناب نووری، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ د.ئارام محه‌ممه‌د قادر، وه‌زیری خوێندنی باڵا كرد و به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی دارایی، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا تاوتوێی چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانى به‌رده‌م وەزارەتی خوێندنی باڵا و گرفتەکانى خوێندکاران کردووه‌ و بڕیاریان لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی کێشەکان و پاڵپشتى دارایی خوێندکاران داوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: لە کۆبوونەوەکەدا، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری رۆڵی وەزارەتی خوێندنی باڵای لە ناو دام و دەزگاکانی حکومەت بەرز نرخاند لە پێگەیاندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لەنێو بازاڕی کاردا.

ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌ كاتێكدایه‌، به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 8ـی تشرینی دووه‌می 2022، ژماره‌یه‌ك قوتابی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌به‌ره‌ده‌م ده‌رگای سه‌ره‌كی زانكۆكه‌ خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا و داوای ده‌رماڵه‌یان ده‌كرد.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

وەزیری دارایی و وەزیری خوێندنی باڵا پرسی پاڵپشتی دارایی بۆ خوێندکاران تاوتوێ دەکەن

ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی 2022/11/8، بەڕێز ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت پێشوازی کرد لەبەرێز دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی.

لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری ڕۆڵی وەزارەتی خوێندنی باڵای لە ناو دام و دەزگاکانی حکومەت بەرز نرخاند لە پێگەیاندنی دەرچووانی زانکۆو پەیمانگاکان لە بازاڕی کار.

هەردوولا تاوتوێی چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانى وەزارەتی خوێندنی باڵاو گرفتەکانى خوێندکاران کرد و بڕیاری پێویستیان لەسەر چۆنیەتی جێبەجێ کردنی کێشەکان و پاڵپشتى دارایی خوێندکاران دا.