باڵیۆزی پێشووی ئێران لە مۆسکۆ: رووسیا هەڵیخەڵەتاندین

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رووسیا، لەبارەی پرسی فرۆشتنی درۆن بە رووسیا قسەی کرد و گوتی، "پێدەچێت تاران دۆڕاوی ئۆپەراسیۆنی فریوی مۆسکۆ بێت".

نیعمەتوڵڵا ئیزەدی باڵیۆزی پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رووسیا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی (ئیلنا) رەخنەی لە نەبوونی هاوئاهەنگیی نێوان "گۆڕەپان و دیپلۆماسی" لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا گرتووە و گوتوویەتی: پێدەچێت لەلایەن رووسیاوە فریودرابین، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک بەرژەوەندی نیشتمانی ئێمە دەستەبەر ناکات.

بە گوێرەی قسەکانی باڵیۆزی پێشووی تاران لە مۆسکۆ، پرسی فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە رووسیا، کاریگەری لەسەر بەرنامەی ناووکی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت.

دوای چەند مانگ رەتکردنەوە، دواجار ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران دانی بە فرۆشتنی چەک بە رووسیا نا و گوتی، چەکەکانیان چەند مانگێک پێش لە شەڕی ئۆکرانیا بە رووسیا فرۆشراوە.

نیعمەتوڵڵا ئیزەدی باڵیۆزی پێشووی تاران لە مۆسکۆ
نیعمەتوڵڵا ئیزەدی باڵیۆزی پێشووی تاران لە مۆسکۆ

پرسی بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی لە شەڕی ئۆکرانیادا لەلایەن سوپای رووسیاوە، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئۆکرانیای گرژکردووە و یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکاش کاردانەوەیان بەرامبەر هەبووە.

نیعمەتوڵڵا ئیزەدی باڵیۆزی پێشووی تاران لە مۆسکۆ دەڵێت: شەڕی ئۆکرانیا هیچ پەیوەندییەکی بە دانووستانە ئەتۆمییەکانەوە نەبوو، بەڵام کاتێک ئەو پرسە بە فرۆشتنی درۆنی بە رووسیاوە گرێدرایەوە، بەرژەوەندی نیشتمانی ئێمە کرایە ئامانج.