یۆنان ژمارەیەک زەمالەى خوێندن بۆ زانکۆکانى کوردستان ته‌رخانده‌كات

كونسوڵی گشتی یۆنان له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ده‌كات
كونسوڵی گشتی یۆنان له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

وڵاتی یۆنان بریاریداوه‌ ژماره‌یه‌ك زه‌ماله‌ی خوێندنی باڵا (ماسته‌ر و دكتۆرا)، بۆ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانبكات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (8ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌گه‌ڵ كونسوڵی گشتی یۆنان له‌ هه‌رێمی كوردستان، جەخت لەسەر هەماهەنگى و ئاڵوگۆڕى زانستى، ئەکادیمى و پەرەپێدانى تواناكان له‌نێوان زانکۆ و دامەزراوەکانى هه‌رێمی كوردستان و یۆنان كرا.

لەلایەن خۆیەوە ستاڤرۆس کێریمیس، کونسوڵى گشتى یۆنان لە هەرێمى کوردستان دووپاتیکردەوە، مەبەستیانە بناغەى پەیوەندییەکى بەهێزى زانستى و ئەکادیمى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان دابڕێژین، لەبوارى خوێندن و هەماهەنگى، بۆ ئەوەش پلانى وڵاتەکەى لەو چوارچێوەیەدا خستەڕوو.

لە دیدارەکەدا دابینكردنی ژمارەیەک زه‌ماله‌ی خوێندن بۆ فێرخوازانى هەرێمى کوردستان لەلایەن وڵاتى یۆنان گفتوگۆى لەبارەوە کرا بەتایبەت ئەو پسپۆڕى و بوارانەى پێویستى هەرێمى کوردستانە، کە ئەمەش دواى سەردانى شاندی وه‌زاره‌تی خوێندنى باڵاى هەرێم دێت بۆ ئەو وڵاتە و واژووكردنی یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی هاوبەش بۆ پەرەپێدان و ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى لەنێوان هەردوولا.

لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا دواى داڕشتنەوەى مەرج و رێنماییەکان، وردەکارى زەمالەکە ئاشكرابكرێت بۆ ئەوەى فێرخوازان بەبێ جیاوازى مافى پێشکەشکردنیان هەبێت.