پوتن بەرزترین مەدالیای رووسی دەداتە "قەشەیەکی جەنگاوەر"

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا - وێنە: SPUTNIK
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا - وێنە: SPUTNIK

K24 - هەولێر:

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا بەرزترین مەدالیای رووسیای بەخشیە میخائیل ڤاسیلیڤ، قەشەی لایەنگری کۆشکی کریملن، کە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ئۆکرانیا کوژرا.

لە نووسراوێکدا کە دەقەکەی لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی رووسیا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، رۆژی سێشەممە (9ـی تشرینی دووەمی 2022) میخائیل ڤاسیلیڤ مەدالیای پاڵەوانی رووسیای پێبەخشرا بەهۆی "پیشاندانی ئازایەتی و قارەمانێتی لە راپەڕاندنی ئەرکە مەدەنییەکەیدا".

کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی رووسیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، قەشە میخائیل ڤاسیلیڤ رۆژی یەکشەممە "لە ئۆکرانیا لەو ناوچەیەی ئۆپەراسیۆنەکانی رووسیای تێدا ئەنجام دەدرێت، لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیدا کوژراوە".

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ڤاسیلیڤ لەدایکبووی ساڵی 1971 بووە و لە "شوێنە مەترسیدارەکان و ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزیدا" چالاک بووە، لەوانە کۆسۆڤۆ، بۆسنە و سوریا.

بە گوتەی ئەلێکساندەر سلادکۆڤ، پەیامنێری تەلەفزیۆنی فەرمی رووسیا، قەشەکە لەکاتی هێرشێکی مووشەکیدا کوژراوە.

سوپای رووسیا لە 24 شوباتی 2022 هێرشیکردە سەر خاکی ئۆکرانیا و لەو کاتەوە تائێستا شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئۆکرانیا و رووسیا بەردوامییان هەیە، جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا قەیرانە جیهانییەکانی چڕترکردووەتەوە و کاریگەری راستەوخۆی هەبووە لەسەر نرخی کاڵا و سووتەمەنی و خۆراک.