ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنی ئەمەریکا

ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ کۆمارییەکان و ئەنجوومەنی پیرانی بۆ دیموکراتەکان
هەڵبژاردنی میدتێرم لە ویلایەتی ڤێرجینیا - وێنە: AFP
هەڵبژاردنی میدتێرم لە ویلایەتی ڤێرجینیا - وێنە: AFP

K24 - سلێمانی:

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردنەکانی میدتێرمی ئەمەریکا، کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە پێشەوەن و دیموکراتەکانیش لە ئەنجوومەنی پیران.

بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان لە ئەنجوومەنی پیران(سێنەت)، دیموکراتەکان بە کورسییەک لە پێشوەن و توانیویانە 48 کورسی بەدەستبهێنن و کۆمارییەکانیش 47 کورسییان بەدەستهێناوە، پێنج کورسی ماوەتەوە ئەنجامەکانی ئاشکرابکرێت.

بەڵام لە ئەنجوومەنی نوێنەران (کۆنگرێس)، کۆمارییەکان بە جیاوازییەکی گەورە لەپێش دیموکراتەکانەوەن و تائێستا 197 کورسییان بەدەستهێناوە لەکاتێکدا دیموکراتەکان 172 کورسییان  بەدەستهێناوە، هەرکامێکیشیان بتوانن 218 کورسی ببەنەوە ئەوا ئەو لایەنە دەبێتە زۆرینە.

بەپێی ئەنجامەکان، دیموکراتەکان توانیویانە لە هەندێک ویلایەت کە ململانێی توندی تێدابوو لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنن بە تایبەتی لە ویلایەتی پێنسلڤێنیا کە کاندیدی دیموکراتەکان، جۆن فێترمان توانی سەرکەوێت بەسەر دکتۆر ئۆز کاندیدی کۆمارییەکان.

هەڵبژاردنی میدتێرم (نیوەی ماوەی سەرۆکایەتی) لە ئەمەریکا لە نیوەی ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەمەریکا ئەنجامدەدرێت، کە تێیدا هەڵبژاردن بۆ تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت کە ژمارەیان 435 ئەندامە و بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵدەبژێردرێن.

هەروەها لە کۆی 100 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران، هەڵبژاردن بۆ 35 ئەندام دەکرێتەوە و بۆ ماوەی شەش ساڵ هەڵدەبژێردرێن.

بەهەمان شێوەش لە 39 ویلایەت و هەرێمدا پارێزگارەکان و بەڕێوەبەری ویلایەتەکان هەڵبژاردنیان بۆ دەکرێتەوە.

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان دیموکراتەکان توانیویانە لە شکستی گەورە رزگارییان ببێت کە هەندێک پێشبینیان دەکرد، بەهۆی کەمبوونەوەی لایەنگرانی جۆو بایدنی سەرۆک و زیادبوونی هەڵاوسانی ئابووری.

 بەڵام بەدەستهێنانی زۆرینە لەلایەن کۆمارییەکانەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، بەربەست لەبەردەم پلانەکانی بایدن درووستدەکات و لەوانەیە لێکۆڵینەوە لە ئیدارەکەی و خێزانەکەی بکرێت کە ئەمش بە بۆچوونی شارەزایان  دەرئەنجامی وێرانکەری بۆ دیموکراتەکان و سەرۆکی ئەمەریکا دەبێت.

بەپێی راپرسییەکان، هەڵاوسانی ئابووری و مافی لەباربردنی کۆرپەلە گرنگترین بابەت بوون بۆ دەنگدەران لەم هەڵبژاردنەدا.