هونەرمەندێکی کورد پڕۆژەیەک لە ڤییەنا ئەنجام دەدات

پڕۆژەی حەشارگەی ژمارە 16
.
.

K24 - هەولێر

برونن پەساجە ماڵێکی هونەریە لە شاری ڤییەنا. ساڵی 2022  میوانداری هونەرمەندی پێرفۆرمانسی نیگار حەسیب قەرەداخی کرد، تا لە پڕۆژەی حەشارگەدا کارێکی پێرفۆرمانسی بە ئەنجام بگەیەنێت.

لە پشت ئەو ماڵە هونەرییەوە حەشارگەیەکی سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم تا ئێستا وەکو خۆی ماوە، کە بریتیە لە چل ژووری جیا جیا و لە ساتی تۆپبارانی شاری ڤییەنا لەلایەن ئەمەریکا و رووسیاوە، کەسوکاری نازییەکان لەوێدا خۆیان حەشارداوە، کەمتر خەڵکی ئاسایی بۆی هەبووە بڕواتە ئەوێ.

ئێستا ماڵی هونەریی برونن پەساجە Brunnenpassage لە ناوچەی شانزەی شاری ڤییەنا هەوڵی چاکسازی و پاککردنەوەی ئەو حەشارگەیە دەدات تا لە ئایندەیەکی نزیکدا بیکاتە شوێنێکی هونەری و کولتووری، بۆ ئەم مەبەستەش ئەم پرۆژەیە لەگەڵ کونست هالە Kunst Halle ی ڤییەنا لەمساڵدا بە ئەنجام گەیاندرا تاوەکو سەرنجی بەشی کولتوری دەوڵەت و شاری ڤییەنا راکێشن بۆ یارمەتیدانی چاکسازی ئەم شوێنە.

گرووپێکی شانۆیی و سێ هونەرمەند لە ڤییەنا بانگهێشت کران بۆ ئەم پرۆژەیە، یەکێک لەوانە هونەرمەندی کورد نیگار حەسیب قەرەداخی بوو.

بۆ ئەم مەبەستە وەک هەنگاوی یەکەمی ئەم پرۆژەیە لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا نیگار حەسیب قەرەداخی ڤیدیۆییەکی پێرفۆرمانسی تۆمارکرد، کۆنسێپ و بیرۆکە و مۆنتاژی ڤیدیۆکە نیگار حەسیب خۆی گرتیە ئەستۆی و کامێرا شارۆی کوڕی هونەرمەند، پاشان وەک هەنگاوی دووەم ئەم ڤیدیۆیە لە مانگی شەش لە گۆڕەپانی سەر ئەم  حەشارگەیە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بینەران لە سەر شاشەیەکی گەورە پیشان درا، نیگار حەسیب لایڤ لە خوارەوە گۆرانی دەچڕی و لە رێی مایکرۆفەنەوە گەیاندرایە سەرەوە و میکسی ڤیدیۆکە بوو، لە هەمان کاتدا، فلۆریان نیتچ کە هونەرمەندێکی شێوەکاری نەمساوی ناسراوە لەڕێی پرۆگرامێکی تایبەتەوە لایف لەسەر ڤیدیۆکەی نیگار حەسیب هێل و وشە و رستەی تایبەتی دەکێشا و دەنوسی.

هەنگاوی سێیەمی پڕۆژەکە بریتی بوو لە ئینستەلاتسیۆنێکی دەنگی، لە کۆنسێپ و بیرۆکە و ئامادەکردنی نیگار حەسیب قەرەداخی بوو.

کە بریتی بوو لە کەنتۆرێک، بینەر دەیتوانی بۆ ماوەی سێ خولەک لەم کەنتۆرەدا دانیشێت و گوێ لە گۆرانی و دەنگی تەقینەوە و لورەی ئاگادارکردنەوە و چیرۆکی منداڵیی خۆشاردنەوەی  منداڵی کورد بگرێت، لە ساتی تۆپبارانی سەردەمی جەنگی نێوان ئێران و عێراق لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا. هونەرمەند لەبەر ئەوەی ژێرزەمینیان نەبووە ناچاربوون منداڵەکان لەناو کەنتۆری جلوبەرگدا حەشاربدەن.

ئەم کەنتۆرە بۆ رۆژێک لە گۆڕەپانی سەر حەشارگەکە دانرا و  هەموو کەسێک دەیتوانی  ئەزموونی ئەو دۆخە بکات و لە ترس و  دڵە خورپەی ئەو مرۆڤانە تێبگات کە جەنگیان دیوە. پاشان بە درێژایی مانگی 10لە ماڵی هونەریی برونن پەساجە دانرا. هەنگاوی چوارەم لە ساڵی داهاتوودا بەئەنجام دەگەیەنرێت.