ئومێد خۆشناو: بودجەی تایبەتمان بۆ مەترسییەکانی لافاو تەرخانکردووە

"زۆربەی پڕۆژەکان تەواو کراون"
ئەکێک لە  پرۆژەکانی ئاوەڕۆ و ئاوبەری سەندووقی و لولەیی لە هەولێر
ئەکێک لە پرۆژەکانی ئاوەڕۆ و ئاوبەری سەندووقی و لولەیی لە هەولێر

K24 – هەولێر

پارێزگاری هەولێر، رایگەیاند، ئەمساڵ بۆ کەمکردنەوەی مەترسی دروستبوونی لافاو چەندین پڕۆژە و رێڕەوی ئاو لە سنووری پارێزگای هەولێر دروستکراون و بودجەی تایبەتیشیان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو لە هەولێر، ئەمساڵ چەندین پڕۆژەی گرنگ ئەنجامدراون، بەجیددی کارکراوە بۆ مەترسییەکانی لافاو".

گوتیشی: "ئەوەی لە توانای حکومەت بووە کراوە و مەترسییەکانی لافاو کەمکراوەتەوە".

هەر لەسەر ئەو بابەتە مەسعود كاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی لیژنەی رێگریكردن لە درووستبوونی لافاو بە کوردستان24ی گوت: "ئەو بڕە پارەی لەبەر دەستمان بوو بەسەر قەزا و ناحییەکان و سەنتەری شار دابەشکراوە، بۆ هەر سنوورێک بەپێی پێویست بڕە پارەکە دیارکراوە".

راشیگەیاند، بۆ مەترسییەکانی لافاو لە سنووری دەشتی هەولێر 15 ملیار دیناریان تەرخانکردووە، کە بنەسڵاوە، قوشتەپە دارەتوو دەگرێتەوە.

جێگری پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی ئەو پڕۆژانە تەواوکراون کە بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو لە هەولێر جێبەجێ دەکرێن.