جەنەراڵێکی ئەمەریکی ئامارێكی نوێی جەنگی ئۆکرانیا ئاشکرادەکات

"رەنگە نە رووسیا و نە ئۆکرانیا سەرکەوتنی سەربازی بەدەستنەهێنن"
سەربازێکی ئۆکرانی لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی _ 9ـی نۆڤەمبەری 2022 - وێنە: AFP
سەربازێکی ئۆکرانی لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی _ 9ـی نۆڤەمبەری 2022 - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

جەنەراڵێکی ئەمەریکی لەبارەی نوێترین ئاماری جەنگی ئۆکرانیاوە ئاشکرایکرد، کە زیاتر لە سەد هەزار سەربازی رووسی لەو جەنگەدا کوژران و برینداربوون.

مارک میلی، جەنەراڵی ئەمەریکی و سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمەریکا لە میانەی گوتارێکیدا لە یانەی ئابووری لە نیویۆرک، مەزەندەی کرد کە "زیاتر لە سەد هەزار سەربازی رووسیا کوژراون و برینداربوون"، ئاماژەی بەوەشکرد، "رەنگە لایەنی ئۆکرانیش هەمان زیانی گیانی بەرکەوتبێت".

ئەو جەنەراڵە ئەمەریکییە باسی لەوەشکرد، چانسی دانووستان هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، بەڵام رەنگە نە رووسیا و نە ئۆکرانیا سەرکەوتنی سەربازی بەدەستنەهێنن.

مارک میلی گوتی: "دەبێت دانپێدانانێکی هاوبەش هەبێت کە سەرکەوتنی سەربازی رەنگە بە مانا راستەقینەکەی بەدەست نەهێنرێت، هەربۆیە پێویستە روو لە رێگەی دیکە بکەن".

ئەم لێدوانەی میلی دوای ئەوە هات کە رووسیا فەرمانی بە هێزەکانی کرد لە شاری خێرسۆن لە باشووری ئۆکرانیا بکشێنەوە، کە گورزێکی گەورە بوو لە هەڵمەتە سەربازییەکانی مۆسکۆ.

بەڵام بەرپرسانی کیێڤ بە وریاییەوە کاردانەوەیان نیشان دا و رایانگەیاند، پێناچێت سوپای رووسیا بەبێ شەڕ ئەو شارە ستراتیژییە بەجێبهێڵێت، لە کاتێکدا جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا پێشنیازی کرد پاشەکشەکردنەکە بەڵگەیە کە مۆسکۆ "کێشەی راستەقینەی" هەیە لە بەرەکانی شەڕدا.