مه‌سرور بارزانی له‌باره‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زه‌وییه‌كانی گوندی كۆری بڕیارێكی ده‌ركرد

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندیدا بەمانەوەى قەرەبووی زەوییەکانی گوندی کۆریی لەشوێنی خۆی.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 10ـی تشرینی دووه‌می 2022، راگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێر بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندیدا بە مانەوەى قەرەبووی زەوییەکانی گوندی کۆریی لە شوێنی خۆی و تاپۆکردنى لەسەر سوودمەندانى کە ماوەیەکى زۆرە چاوەڕوان بوون.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی راگه‌یاندنی پارێزگای هه‌ولێردا هاتووه‌: ئه‌م بڕیاره‌ له‌دوای دێت، لەلایەن پارێزگای هەولێر، وەزارەتى شارەوانى و سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر لە پێناو بەرژەوەندى گشتیى و قەرەبووکردنەوەى سوودمەندانی زەوییەکان کە زۆربەى زۆریان خەڵکى هەژار و کرێنیشینى شارەکەمانن هەوڵێکى زۆردرا تاوه‌کو لە هەمان شوێنى خۆیان کە پێشوتر بۆیان دیاریکرابوو قەربووبکرێنەوە.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: وەک پارێزگاى هەولێر پیرۆزبایی لە خاوەن زەوییەکان دەکەین و دڵنییایان دەکەینەوە لەنزیکترین کاتدا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەست دەکرێت بە ڕێکار و پڕۆسەی تاپۆکردنی زەوییەکان.

له‌سه‌ره‌تا وابڕیار درابوو، قەرەبووی زەوییەكانی گوندی كۆری لە سنووری گەزنە بێت، بەڵام دواتر به‌ بڕیاری پارێزگاری هه‌ولێر قه‌ره‌بووه‌یه‌كه‌ گوازرایەوە پشت پیرزین، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، هەوڵده‌درا ئەو زەوییانە لێیان بسه‌ندرێنه‌وه‌ و لە شوێنێكی دیكه‌ پێیانبدرێنه‌وه‌، بەڵام  ئه‌مڕۆ بڕیاردا هەمان زەوی بۆیان تاپۆ بكرێن.