پوتن ناچێته ئه‌ندونیزیا بۆ به‌شداریكردن له لووتكه‌ی G20
K24 - هه‌ولێر:
ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا بۆ به‌شداریكردن له لووتكه‌ی (گرووپی 20) سه‌ردانی دوورگه‌ی بالی له ئه‌ندونیزیا ناكات.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 10ـی تشرینی دووه‌می 2022، باڵیۆزخانەی رووسیا لە جاکارتا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگه‌یاند، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا ناچێته دوورگەی بالی لە وڵاتی ئەندونیزیا بۆ بەشداریکردن لە (لووتکەی گرووپی 20) كه بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت.
له‌وباره‌یه‌وه، یولیا تومسکایا، بەرپرسی رێوڕەسەمەکان لە باڵیۆزخانەی رووسیا رایگەیاند، دەتوانن دووپاتی بکەنەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان سەرۆکایەتی شاندی رووسیا لە لووتكه‌ی گرووپی 20 دەکات.
راشیگه‌یاند، تاوەکو ئێستا بەرنامەی سەرۆکی رووسیا ئامادەکاری بۆدەکرێت و ئەگەری هەیە بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفڕانس بەشداری بکات.
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە دوای مانگێک لە ناڕوونی دێت، بەوەی سەرۆکی رووسیا بەشداری لە لووتکەی سەرانی وڵاتانی گرووپی 20 دەکات، کە بڕیارە لە 15 و 16ـی ئەم مانگە لە ئیندۆنیزیا بەڕێوەبچێت.