چه‌ند پارێزگارێكی عێراق ده‌گۆڕدرێن

K24 – هه‌ولێر:
سه‌ركرده‌یه‌كی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئاشكرایكرد تا كۆتایی ئه‌مساڵ، چه‌ند پارێزگارێكی پارێزگاكانی عێراق ده‌گۆڕدرێن كه تێوه‌گڵاون به دۆسییه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی (11ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، تركی عه‌تیبی سه‌ركرده له چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رایگه‌یاند، تا كۆتایی ئه‌مساڵ پێنج پارێزگاری عێراق ده‌گۆڕدرێن.
عه‌تیبی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، به‌شك له كێشه‌ی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق بۆ ئه‌و پارێزگارانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه تێوه‌گلاون به دۆسییه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه، هه‌روه‌ها پۆسته‌كانیان به‌خراپ به‌كارهێناوه و زیانیان به به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان گه‌یاندووه.
زیاتر گوتی، به‌شێك له‌شاره‌كان پێویستیان به‌پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزارییه و به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه تاوه‌كو ئێستا به‌پێی پێویست هاوكارییان پێشكه‌شنه‌كراوه.
رۆژی (1ى تشرينى دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقدا به سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، ده‌نگ له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی كابینه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق درا، كه دوای 8ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2021 ده‌ركراون.
پێشتریش كوردستان24 بڵاویكرده‌وه، له‌و بڕیارانه‌ی كابینه‌كه‌ی سوودانی هه‌ڵیوه‌شاندووه‌ته‌وه، دانانی چه‌ند پارێزگارێك له‌لایه‌ن كازمییه‌وه له‌خۆده‌گرێت، له‌وانه‌ش پارێزگاره‌كانی نه‌جه‌ف، زیقار، بابل و سه‌ڵاحه‌ددین.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه رۆژی پێنجشه‌ممه (27ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، دوابه‌دوای ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی متمانه‌به‌خشین به كابینه‌كه‌ی سوودانی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، خالید شوانی، وه‌زیری دادی عێراق رایگه‌یاند، دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نوێ، لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه پێكده‌هێندرێت بۆ به‌دواداچوون له كاره‌كانی ئه‌و پارێزگارانه‌ی به وه‌كاله‌ت تاوه‌كو ئێستا له ئه‌ركه‌كانیان به‌رده‌وامن و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش سه‌رپشككراوه بۆ گرتنه‌به‌ری رێكاری یاسایی له ئه‌گه‌ری ساغبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ئه‌م بڕیاره‌شی بۆ دۆخی كه‌ركووك به گرنگ وه‌سفكرد.
هه‌روه‌ها دوێنێ پێنجشه‌ممه (10ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، سه‌رۆكایه‌تی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی باڵای هه‌ماهه‌نگی نێوان پارێزگاكانی عێراق جگه‌له هه‌رێمی كوردستانی كرد، له‌باره‌ی ئالنگاری و گرفته یاساییه‌كانی به‌رده‌م كاره‌كانیان كرد بۆ باشتركردنی ره‌وشی خزمه‌تگوزاری و كارگێری له پارێزگاكانی عێراق.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا لیژنه‌یه‌ك پێكهێندرا بۆ پێداچوونه‌وه به یاسای پارێزگاكانی عێراق، هه‌روه‌ها بڕیاردرا به كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی ناوخۆیی سه‌رجه‌م پارێزگاكان له یه‌ك هه‌ژماری بانكی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارییه‌وه، له‌گه‌ڵ پێدانی ده‌سه‌ڵاتی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی پارێزگاكان به پارێزگاره‌كان، تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان ئه‌نجام ده‌درێت.