زیاتر لە 50 رۆژە چارەنووسی رۆژنامەنووسێکی کورد نادیارە

34 رۆژنامەنووس لە ئێران دەستبەسەرکراون
مەسعود کوردپوور
مەسعود کوردپوور

K24 – هەولێر

مەسعود کوردپوور رۆژنامەنووسی رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە 50 رۆژە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە گیراوە و تا ئێستاش چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووسە نادیارە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوور، لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێرانەوە تا رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ (٢٠٢٢)، 42 رۆژنامەنووس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون. هەشت رۆژنامەنووس دوای لێکۆڵینەوە ئازادکراون، بەڵام ٣٤ رۆژنامەنووس تا ئێستاش دەستبەسەرن.

مەسعود کوردپوور، رۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری ماڵپەڕی هەواڵیی موکریان، رۆژی 20ـی ئەیلولی ئەمساڵ و چەند رۆژێک دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی، لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا.

پارێزەری بنەماڵەی کوردپوور، ئاشکرایان کردووە کە هیچ ئاگادارییەکیان لە رەوشی مەسعود نییە و رێگەی بینینیان پێنەدراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دواجار بنەماڵەی کوردپوور ئاگاداربوونە کە مەسعود بۆ بەندیخانەی ورمێ گواستراوەتەوە، بەڵام سەرەڕای چەندین جار پێشکەشکردنی داوای چاوپێکەوتن، لەلایەن دادگا و هێزە ئەمنییەکانەوە رێگەی ئەو کارەیان پێنەدراوە.

رێکخراوی هەنگاو دەڵێ، "تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" خراوەتە پاڵ مەسعود کوردپوور.