داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ بۆ تاوتوێکردنی رەوشی ئێران دەکرێت

"زۆرینەی زۆری ئەندامی ئەنجوومەنەکە لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەدان"

K24 – هەولێر

حکومەتەکانی ئەڵمانیا و ئایسلەندا داوای کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیان کردووە و دەیانەوێ لەو کۆبوونەوەیەدا "پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران" تاوتوێ بکەن.

ئەڵمانیا و ئایسلەندا رۆژی 11ـی تشرینی دووەم ئەوە داوایەیان کردووە و بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی دەنگوباسی (ئەسیۆشێتدپرێس) رەنگە کۆبوونەوەکە رۆژی 24ـی ئەم مانگە (تشرینی دووەم) بەڕێوەبچێت.

بە پێی راپۆرتێکی ئەم ئاژانسە، هەر دوو وڵات داوای "بەڕێوەچوونی دانیشتنێکی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی دۆخی بەرەو خراپی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێران و بە تایبەت ژنان و منداڵان"ـیان کردووە.

لە رۆژی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی (16ـی ئەیلول) تا ئەمڕۆش (شەممە 12ـی تشرینی دووەم) خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران بەردەوامن. زۆربەی خۆپێشاندانەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەتوندی وەڵام دراونەتەوە و بە گوێرەی زانیارییەکانی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، لەو ماوەیەدا بەلانی کەمەوە 328 کەس کوژراون.

ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان 47 ئەندامی هەیە و پێویستە بەلانی کەمەوە یەک لەسەر سێی ئەندامان، لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا بن.

ئەینار گونارسۆن، نوێنەری ئایسلەندا لەو ئەنجوومەنە، ناشکرایکردووە 42 ئەندامی ئەنجوومەنەکە لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەدان. ئەو لە تویتێکدا نووسیویەتی، "زۆر گرنگە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و مافی ژنان و کچان لە خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەدا بکۆڵێتەوە. ئێمە پشتگیری لە ژنان و پیاوانی بوێری ئێران دەکەین کە بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆیان خۆپێشاندان دەکەن".

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کاردانەوەی بەرامبەر بەو کۆبوونەوەیە نیشاندا و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، هەوڵی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوەیەی رەتکردەوە و دووپاتیکردووەتەوە، "کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی راستەقینەی مافی مرۆڤە".