100 هه‌زار زیندانی له عێراقدا هه‌ن و سوودانیش له دۆخی ئه‌شكنجه‌دراوان ده‌كۆڵێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی ئاماره نافه‌رمییه‌كان، نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌س له زیندانه فه‌رمییه‌كانی عێراق زیندانیكراون و سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیش داوا له ئه‌شكه‌نجه‌دراوانی زیندانه‌كانی عێراق ده‌كات، سكاڵا تۆماربكه‌ن.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكانی ناوه‌ندێكی عێراقی، نزیكەی 100 ھەزار كه‌س لە زیندانەكانی وەزارەتەكانی داد، ناوخۆ و بەرگریدان، ئەمە جگە لە زیندانەكانی دەزگا ئەمنییەكانی وەك دەزگای ھەواڵگری، ئاسایشی نیشتمانی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و حەشدی شەعبی.
ناوەندی عێراقی بۆ دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی جەنگ بڵاویكردووەتەوە، چاودێری گیانلەدەستدانی زیاتر لە 28 زیندانیانكردووە، ئەویش بەهۆی ئەشکەنجەدان و کەمتەرخەمی پزیشکی.
ئه‌و ناوه‌نده عێراقییه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، هه‌رچه‌نده حكومه‌تی عێراق هیچ ئامارێكی فه‌رمی ئاشكرانه‌كردووه سه‌باره‌ت به ژماره‌ی زیندایكراوان، به‌ڵام به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیان، نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌س له زیندانه فه‌رمییه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كانی داد، ناوخۆ و به‌رگریدا هه‌ن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڵاویكردووەتەوە، چەند پێگەیەكی ئەلیكترۆنیان كردووەتەوە بۆ ئەو كەسانەی كە رووبه‌رووی ئەشكەنجەدان و بەزۆر دانپێدانان بوون، كه دەتوانن سكاڵاكانیان بگەیەنن.
نووسینگەی راگه‌یاندنی سوودانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، پاڵپشت به راسپارده‌كانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، بۆ جێبه‌جێكردنی ماددەكانی پێنج و 19ی دەستوور، كه جه‌خت له‌سه‌ر پێدانی گەرەنتی یاسایی بۆ تۆمەتبار لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەدا ده‌كاته‌وه، لەوانەش وەرنەگرتنی دانپێدانانەکان لەژێر ناچارکردن یان زۆرەملێدا، داوا لەو كەسانە دەكەن کە تووشی هەر جۆرە ئەشکەنجەیەک بوونه‌ته‌وه یان بە زۆر دانپێدانانیان وەرگیرابێت، بە بەڵگەوە سكاڵاكانیان پێشكەش بكەن.
نووسینگەكە داوایكردووه له رێگه‌ی راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ مافەکانی مرۆڤ لەڕێگەی ئیمەیڵی (Humanrights.advisor@ pmo.gov.iq)، هه‌روه‌ها سکرتێری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لەڕێگەی ئیمەیڵی (Abdulkreem@ pmo.gov.iq)، سكاڵاكان پێشكه‌ش بكه‌ن.