کشانەوەی رووسیا لە خێرسۆن لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت

K24 - مۆسکۆ

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، لە 11ی ئەم مانگەوە، پرۆسەی کشاندنەوەی سەربازەکان و گواستنەوەی ھاووڵاتیانیان لە ناوچەی خێرسۆن کۆتایپێھێناوە، ئەم کارەی مۆسکۆ لای ئۆکراینا و وڵاتانی رۆژئاوا بە شکستی جەنگ ئەژمار دەکرێت، بەڵام دبلۆماتکار و پسپۆڕە رووسەکان پێیانوایە کشاندنەوەی سەربازەکان لەم ناوچانە، نیازپاکی کرێملە بۆ پرۆسەی دانووستان لەگەڵ ئۆکراینادا.

لەوبارەوە ڤلادیمێر گرینین، دبلۆماتکار لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا و باڵیۆزی پێشووی رووسیا لە ئەڵمانیا بە کوردستان24ی گوت: "پێموایە ئێمە لەگەڵ ھاوبەشە ئۆکراینییەکانمان زمانی ھاوبەش دەدۆزینەوە، ئەگەر تەماشای رەوشی پێش جەنگی دووەمی جیھان بکەین وەڵامی زۆرێک لە پرسیارەکانمان دەستدەکەوێت، ئەگەر بڕوانین کە ئەو کات ھەندێک لە ئۆکراینەکان بەرگرییان لە چی دەکرد، دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت، پاشان دەبێت بۆ زمانی ھاوبەش و لێکنزیکبوونەوە بگەڕێین".

 گوتیشی: "دەشێت ھەلومەرجی ژیانمان پێکەوە گۆڕانکاری تەواوی بەسەردا بێت، من پێموایە کە بەمزووانە ئێمە رێگای ھاوبەش بۆ چارەسەری کێشەکان دەدۆزینەوە و ئەو رەوشە باڵبکێشەتەوە کە بەر لەماوەیەک لەناوچەکەدا ھەبوو، بە بڕوای من لای ئەو وڵاتانەشی کە کاریگەرییان لەسەر رەوشەکە و بارودۆخی جیھان ھەیە ئەو تێگەیشتنە دێتە پێشەوە کە چارەسەری کێشەکان لە ئێستای دنیادا کاری لەپێشینەیە و دەبێت بەو ئاراستەیە کاربکرێت".

ماوەیەکە ھێزەکانی ئۆکراینا ھێرشی پێچەوانەیان دەستپێکردووە و چەندین ناوچەی ھەرێمی دەنباسیان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە، کە لە ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازی 24ی شوباتدا کەوتبوونە دەست رووسیا، بەشێک لە پسپۆڕە بیانیەکان پێیانوایە، ئەمە شکستی مۆسکۆیە لە جەنگەکەدا، بەڵام شارەزا رووسەکان دەڵێن، ئێستا داشێکی دیکەی شەترەنجەکە یاری خۆی دەکات.

ڤلادیسلاڤ بیلۆڤ، جێگری بەڕێوەبەری پەیمانگای ئەوروپا لە ئەکادیمیای زانستی رووسیا دەڵێت: "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، جەنگەکە فراوان بووە، رووسیا تا ئێستا تەواوی توانای خۆی بەگەڕ نەخستووە، ئێمە وەک ئۆکراینا سەربازەکانمان ناکەینە قوربانی، لای ئێمە ژیانی ھاوڵاتیانی سڤیل و سەربازەکانمان گرنگە، بۆیە ھەنووکە ھێزەکان ھاتوونەتە دواوە و داشێکی دیکەی شەترەنجەکە یاری خۆی دەکات لە پرۆسەکەدا. ئێمە سەربازەکانمان کشاندەوە وەک نیازپاکی بۆ پرۆسەی دانوستان، بەڵام ئۆکراینا وادەزانێ کشانەوە واتە شکان لە شەڕدا، ئەمەش خەیاڵپڵاوییە، گواستنەوەی ھاووڵاتیان لە بەرێکی روباری دنێپرەوە بۆ ئەوبەری ئاماژەیە بۆ ئەو دۆخەی کە شەڕەکە لە ئاستێکی دیکە دایە".