ئێران "بەتووندی" رەخنە لە فەرەنسا دەگرێت

سەرۆککۆماری فەرەنسا و دوو چالاکڤانی ئێرانی
سەرۆککۆماری فەرەنسا و دوو چالاکڤانی ئێرانی

K24 – هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی لە کۆبوونەوەی ئێمانوێل مەکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا لەگەڵ چەند چالاکوانێکی داکۆکیکار لە مافی ئافرەتان گرت و "بەتووندی" سەرکۆنەی کرد.

ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە (13ـی تشرینی دووەم) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا گوتی: جێی سەرسووڕمانە سەرۆککۆماری وڵاتێک کە خۆی بە داکۆکیکار لە ئازادی دەزانێت، ئاستی خۆی بۆ چاوپێکەتن لەگەڵ کەسێکی بێزڕاو دابەزێنێت کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا هەوڵی بڵاوکردنەوەی رک و کردەی تیرۆریستی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و باڵیۆزخانە و دیپلۆماتەکانی داوە.

کەنعانی، رەخنەی لە قسەکانی سەرۆککۆماری فەرەنسا و پشتگیری لە "شۆڕش"ـی خەڵکی ئێران گرت و گوتی: ئەو قسانە جێی شەرمن.

ئێمانوێل مەکرۆن رۆژی 11ـی تشرینی دووەم لە کۆشکی ئێلیزە لەگەڵ چوار چالاکی ژنی ئێرانی کۆبووەوە.

کۆشکی ئێلیزە لەبارەی ئەو چاوپێکەوتنەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئێمانوێل مەکرۆن هاوکات لەگەڵ نواندنی رێز بۆ ژنانی ئێران، بە هۆی بەرەوپێشەوەبردنی شۆڕشی ئێستا، دەستخۆشی لێکردن".