لە زاخۆ دەست بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتان کرا

دیمه‌نێكی شاری زاخۆ
دیمه‌نێكی شاری زاخۆ

K24 – هەولێر

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەستپێکی کارەکانی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ هاووڵاتیانی کەمدەرامەتی سنووری زاخۆی راگەیاند.

گۆهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە (یەکشەممە 13ـی تشرینی دووەم) دەست بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیانی کەمدەرامەتی سنووری زاخۆ دەکرێت.

شێخۆ لە لێکدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: ئەمڕۆ دەست بە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە دەکەین کە دروستکردنی 576 یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت. قۆناغی دووەمیش لە شوێنێکی دیکە و لە کاتێکی دیکە دەستپێدەکەین.

لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی کوردستان 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و هاووڵاتیانی کەمدەرامەت دروستدەکرێت.

بە پێی قسەکانی محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، نرخی شوقەکان گونجاو دەبێت و بە باشترین کوالێتی دروستدەکرێن و بە شێوەی قیستی درێژخایەن بە کرێنشینان و هاووڵاتیانی کەمدەرامەت دەدرێت.