حەفتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆ لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

K24 - هەولێر

حەفتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆ لە هەولێر دەستی بەکارەکانی کرد و ماوەی حەفت رۆژ لە ھەولێری پایتەخت بەردەوام دەبێت، کە 15 گرووپی ناوخۆی و نێودەوڵەتی لەم فێستیڤاڵە بەشدارن.

ھونەرمەند و بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە پێیانوایە ئەم فێستیڤاڵانە دەتوانێت رەوتی شانۆی کوردی باشتر بکات، هاوکات ئەزموونی تێکەڵ بوونی نەتەوە جیاوازەکانیشە.

فەرھەنگ غەفوور بەڕێوبەری گشتی رۆشنبیری و ھونەری هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "پێکەوەژیان لە بواری ئەدەب و هونەر گرنگبی خۆی هەیە، بۆیە لە چالاکییە هونەرییەکاندا بایەخی زۆری پێدەدرێت".

لیژنەیەکی شەش کەسی بڕیار لەسەر هەڵسەنگاندنی بەرھەمەکانی ئەم فێستیڤاڵە دەدەن، د. فازیل جاف سەرۆکی لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵ ئاماژەی بەوەدا،  لە کۆتاییدا باشترین ئەکتەر، دەرھێنەر، نووسەری دەق و باشترین نمایش خەڵات دەکرێن.

ھەمووان پێیانوایە بوونی فێستیڤاڵێکی لەم شێوەیە دەتوانێت دەرگایەکی فراوان بەڕووی ئەکتەرانی کورد بکاتەوە، لەگەڵ شانۆکارانی بیانی.

تەلار ھیرانی، یەکێکە لە ئەکتەرە دیارەکانی کورد دەڵێت: "ئەگەر مەبەستمان پەرەپێدانی خۆمان بێت، بەتایبەتی ژنان دەتوانین کاری بۆ بکەین، بەڵام پێویستە لە فێستیڤاڵەکان جێگایەک بۆ ئەو بابەتانە بکەنەوە، بۆ ئەوەی ژنان زیاتر بێنە ناو بابەتەکان".

حەفتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆ لە هەولێر لە 12/11/2022 دەستی بە کارەکانی کرد، لەلایەن بەشی شانۆی هەولێری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر سەرپەرشتی دەكرێت و تا 18/11/2022 بەردەوام دەبێت.